وەزیری بەرگریی توركیا: ئامادەین بۆ بەھێزترکردنی ھێزەکانی عێراق

خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا

وەزیری بەرگریی تورکیا ڕایدەگەیەنێت، ئامادەین بۆ بەھێزترکردنی ھێزە سەربازییەکانی عێراق.

خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی شوبات ڕایگەیاند، ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ بەھێزترکردنی ھێزە سەربازییەکانی عێراق نیشاندا و وتی، “ئەزموون و زانستی خۆمان وەک ئەندامێکی ناتۆ لەگەڵیان بەشدەکەین”.

وتیشی، “پێویستە ئامادەبین بۆ سەرجەم جۆرەكانی هەڕەشە و مەترسی”.

ئەو وتانەی وەزیرەكەی توركیا لەمیانەی (مانۆڕی زستانی 2021)دا بوو كە هێزە چەكدارەكانی توركیا هاوشانی هاوتا ئازربایجانییەكەی لە ویلایەتی قارس لە ڕۆژهەڵاتی توركیا ئەنجامیدا.

ئاكار باسیشی لەو پڕۆسە سەربازییە كرد كە لە دوێنێوە بەناوی (چنگی هەڵۆ-2) لە چیای گارەی هەرێمی كوردستان دژ بە پارتی كرێكارانی كوردستان دەستیپێكردووە و دوپاتیشیكردەوە كە توركیا ڕێز لە یەكێتی سیاسی و سەروەریی عێراق دەگرێت.

باسی لەوەشكرد كە درێژە بە كردە سەربازییەكان دەدەن بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانانیان.

لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا زاگرۆس هیوا، وتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بۆردمانی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا دوێنێ شەویش بە چڕی بەردەوام بوو”.

وتیشی، “لەناو ئەو شوێنانەی بۆردمانکراون کامپێک هەیە کە دیلەکانی شەڕی لێی ڕادەگیران. زانیاری سەبارەت بە ئەنجامەکانی ئەم بۆردمانە دواتر بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنین”.

زاگرۆس هیوا ئەوەشی خستەڕوو، “ئارتەشی داگیرکەر” تەنیا دانی بە دوو ئەفسەری کوژراوی خۆیدا ناوە، بەڵام هەژماری کوژراوەکانی سوپای تورکیا “زۆر لەوە زیاترە”.

دوێنێ وەزارەتی بەرگریی تورکیا دابەزاندنی سوپای وڵاتەکەی لە چیای گارەی پارێزگای دهۆک ڕاگەیاند و ئاشکراشیکرد لە کاتژمێر 2:55 خولەکی بەرەبەیان دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی چنگی هەڵۆ-2 دژ بە پەکەکە کردووە.

ئەمڕۆش وەزارەتەكە ڕایگەیاند، لە ئۆپراسیۆنەكەدا دوو سەرباز لە یەکەی کۆماندۆی پیادە بە ناوەکانی (بوراک چۆشکن و ھاروون تورھان) کوژراون و چوار سەربازی دیکەیان برینداربوون.

بابەتی پێشتر

یۆنان وەزیرانی دەرەوەی شەش وڵاتی عەرەبی و ئەوروپی كۆدەكاتەوە

بابەتی دواتر

پەکەکە: تورکیا بۆ داگیرکردنی موسڵ و کەرکوک هاتووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share