لایەنەکان دەیانەوێت دەستوری هەرێم چۆن بنوسرێتەوە؟

دوای شەش ساڵ لە بێدەنگی لەبارەی نوسینەوەی دەستورەوە، جارێکی دیکە پرسی نوسینەوەی دەستوری هەرێمی کوردستان بووەتەوە بە پرسی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان و لەم مانگەدا دوو کۆبوونەوە سەبارەت بەو پرسە لەنێوان سەرۆکی فراکسیۆنەکان و سەرۆکایەتی پەرلەمان ئەنجامدراوە.

لایەنەکان دان بەوەدا دەنێن، کە جیاوازی بیروبۆچوون هەیە لەسەر پرسی دەستور، لەگەڵ ئەوەش پێیان وایە ئەوە پرسێکی نیشتمانییە و نابێت بەپێی زۆرینە و کەمینە تێبپەڕێندرێت.

بۆچوونی لایەنەکان لەسەر دەستور

“پرسی دەستور پرسێکی گرنگی نیشتمانییە و دەبێت جۆرێک ئامادەبکرێت، تاک بە تاکی خەڵکی هەرێم وا هەستبکات دەستورەکە بۆ ئەو نوسراوەتەوە، ئەمە سەرەڕای لایەن و کۆی پێکهاتەکانی هەرێم”، ئەمە وتەی زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە لەسەر دەستور.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، زیاد جەبار وتی، “ڕۆژی 18ی ئەم مانگە، کۆبوونەوەی سەرۆکی فراکسیۆنەکان و سەرۆکایەتی پەرلەمان بەڕێوەچوو، سەرۆکی فراکسیۆنەکان بۆچوونی حزبەکانیان گەڕاندەوە بۆ پەرلەمان، ئەمە سەرۆکایەتی پەرلەمان داوایکردبوو، لە 15 ڕۆژدا بۆچوونەکان بگەڕێنەوە”.

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی ئاماژەی بەوەکرد، “یەکێتی پێشتریش هەستیکردووە کە هەرێم بۆشای دەستوری هەیە و بۆیە لەگەڵ ئەوەدایە، لیژنەیەک کارابکرێتەوە بۆ نوسینەوەی مادەکانی دەستور، بەڵام دەبێت مادەکانی دەستورەکە، گوزارشتبن لە تاک بەتاکی خەڵک و گەلپەسەندبێت”.

سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان رایگه‌یاند، ئه‌مه‌ دووه‌م كۆبوونه‌وه‌ی له‌م شێوه‌یه‌ بوو كه‌ له‌باره‌ی سێ پرسی گرنگ له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو، ئه‌وانیش پرسه‌كانی: ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان، كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی راپڕسی و پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ یاسا و واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ بوون.

زانا مەلاخالید، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، بۆچوونی حزبەکەی لەبارەی دەستورەوە ئاشکراکرد و ڕایگەیاند، “دیدگای پارتی له‌باره‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان ئەوەیە، بوونی دەستور به‌ زه‌روره‌تێكی حه‌تمی بۆ هه‌رێمه‌كه‌مان ده‌زانین و ئاماده‌یی فراكسیۆنی حزبه‌كه‌شمان بۆ هه‌ر ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك له‌گه‌ڵ فراكسۆنه‌كانی دیكه‌ی ناو په‌رله‌مان راگه‌یاندووە، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین له‌ ئاینده‌دا لیژنه‌ی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان به‌ ده‌سته‌یه‌كی نوێوه‌ هه‌ڵبژێردرێته‌وه‌ و تێیدا شێوازی بڕیاردان له‌سه‌ر بڕگه‌ و مادده‌كانی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور دیاری بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ته‌واوی فراكسیۆنه‌كانی دیكه‌ هاوڕابین و زه‌مینه‌سازی سیاسی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ بكرێت، تاوه‌كو بگه‌ینه‌ ئه‌نجام”.

بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی دەستورەوە بۆچوونی وایە، دەبێت دەستورەکە پەرلەمانی بێت و لە کۆی کۆبوونەوەکاندا لەسەر دەستور، جەختی لەسەر ئەو خاڵە کردووەتەوە.

گوڵستان سەعید، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “لە کۆبوونەوەی دوێنێ 18ی مانگدا، تەنها بۆچوونەکانمان پێشکەشکرد، وەک هەمیشە جەختمان کردووەتەوە، پرسی دەستور پرسێکی نیشتمانییە و نابێت بە پێی زۆرینە و کەمینە تێبپەڕێندرێت، بەڵکو دەبێت گوێ لە تەواوی پێکهاتە و لایەنەکانی ئەم هەرێمە بگیرێت”.

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان جەختدەکاتەوە، کە وەک هەمیشە حزبەکەی پێی وایە دەبێت دەستوری هەرێم دیموکراسی و پەرلەمانی و مەدەنی بێت.

یەکگرتووی ئیسلامی لەسەر دەستور بۆچوونی وایە، کە دەبێت پرسەکە بە تەوافقی تێبپەڕێندرێت و ئەو هەوڵانەی پێشوتردراون بۆ نوسینەوەی دەستور، بکرێنە بنەما.

شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “ئێمە پێمان وایە ئەو دەستورەی 2008 نوسراوەتەوە و ئەوەی لە ساڵی 2015 لیژنیەک 74 مادەی لێ نوسیوەتەوە، بکرێتە بنەما بۆ داڕشتنەوەی دەستور و زۆر گرنگە مافی تەواوی پێکهاتەکان لە دەستورەکەدا پارێزراوبێت”.

بابەتی پێشتر

کەشناسی: سبەی بەفر و باران دەبێت

بابەتی دواتر

ڕۆژنامەنوسە کوردەکە لەلایەن تاڵیبانەوە ئازادکرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
1
Share