ئێران.. هەر ژنێك منداڵ لەبارببات لەسێدارە دەدرێت

ئێران یاسایەكی پەسەندكرد بۆ سزادانی ئەو ژنانەی منداڵ لەباردەبەن و هەر ژنێك ئەو كارە بكات، تا ڕادەی لەسێدارەدان سزادەدرێت، یاسایەك كە ناڕەزایی لەناوخۆی ئێران و لای ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش بەدوای خۆیدا هێناوە و بە پێشێلكردنی مافی ژیانكردن پێناسەدەكرێت.

دوای ماوەیەك لە مشتومڕ و داواكاری و ناڕەزایی چالاكوانان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، ئەنجومەنی چاككردنی دەستووری ئێران ئەو یاسایەی پەسەندكرد كە ژنانی منداڵ لەباربەر سزادەدات.

هۆكاری دەركردنی ئەو یاسایە، لێكدانەوەی لایەنی پەیوەندیداری ئێرانە بۆ پرسی لەباربردنی منداڵ، كە ئەوان بە بڵاوكردنەوەی “گەندەڵی لە زەویدا” ناوزەدی دەكەن، لەكاتێكدا پێشتر لەباربردنی منداڵ لەو وڵاتە قەدەغەكراو بوو، تەنها بۆ هەندێك دۆخی تایبەت نەبێت وەك ئەوەی پرۆسەی دووگیانی، ژیانی دایكەكە بخاتە مەترسییەوە، بەڵام ئەوكات سزای لەباربردنی منداڵ بەدەر لەو هۆكارە، نەدەگەیشتە ڕادەی لەسێدارەدانی دایكەكە.

بەپێی یاسا نوێیەكەی ئێران، چیتر ڕێگەنادرێت هۆكارەكانی ڕێگریكردن لە دووگیانبوون بەخۆڕایی دابەشبكرێن، كە چەندین ساڵە ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لە هەڵمەتەكانی ڕێكخستنەوەی منداڵخستنەوە و خێزاندا دابەشیانكردوون.

هەر بەپێی یاساكە، زانیارییەكانی هەموو ئەو ژنانەی سەردانی بنكەكانی تەندروستی و ناوەندەكانی ژنانی دووگیان دەكەن بۆ پشكنینی دووگیانی، كۆدەكرێنەوە و دەخرێنەژێر چاودێرییەوە، بۆ ئەوەی حكومەت ئاگاداربێت لەهەر حاڵەتێكی لەباربردنی منداڵ و ئەوكات هەر ژنێك كارێكی لەو جۆرە بكات، بە توندترین شێوە و تاڕادەی لەسێدارەدان سزادەدرێت.

ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان هاوكاتی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بەو یاسایەی دەسەڵاتی ئێران، بە پێشێلكردنی مافی ژیانكردن و تەندروستژیان ناوزەدی دەكەن و جەختدەكەنەوە كە بەهۆی ئەو یاسایەوە، ژنان ناتوانن سوودمەندببن لە خزمەتگوزارییەكانی دووگیانبوونی تەندروست.

ئەو ڕێكخراوانە دەڵێن، “سەرباری سەپاندنی سزایەكی توندی وەك لەسێدارەدان بەسەر ژنانی منداڵ لەباربەردا، یاساكە نابێتە ڕێگر لەبەردەم زۆرێك لە ژنانی ئێراندا بەوەی منداڵ لەبارنەبەن”.

بەپێی داتاكان، ساڵانە 500 هەزار حاڵەتی لەباربردنی منداڵ لە ئێران تۆماردەكرێن، دوای ئەوەی تا ساڵی 2013 ژمارەكە 250 هەزار حاڵەت بووە لە ساڵێكدا. ئەمیر بوفەرد سەرۆكی لیژنەی سەرژمێریی دانیشتووان لە پەرلەمانی ئێران دەڵێت، “ڕۆژانە 1300 منداڵ لە ئێران لەباردەبرێن”.

بەشێك لە چالاكوانانی ژنان لە ئێران ئاشكرایدەكەن، ماوەی چەند ساڵێكە بەهۆی خراپیی دۆخی ئابوریی وڵاتەكەوە، زۆرینەی خێزانە ئێرانییەكان منداڵ لە تەمەنی هەفتەكانی سەرەتای دووگیانیدا لەباردەبەن، وەك هەوڵێك بۆ ڕێكخستنی خێزان و دیاریكردنی ژمارەی منداڵ.

بەپێی وتەی ئەوان، “لە شارە گەورەكانی ئێراندا ژیان سەخت و دژوار بووە، ئەوەش خێزانەكان ناچاردەكات منداڵی زۆر نەخەنەوە، چونكە فێركردن و دەستەبەركردنی خزمەتگوزاری و چاودێریكردن و بەخێوكردنی منداڵ، بوون بە ئەركگەلی قورس و گران لەو وڵاتەدا”.

بابەتی پێشتر

كەسێك بەتۆمەتی فێڵكردن لە هاوڵاتییان دەستگیركرا

بابەتی دواتر

دەربارەی كۆچبەران ڕوسیا داوای گفتوگۆی نێوان بیلاڕوسیا و ئەوروپا دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share