ڕۆژنامەنووسێكی كۆچبەر، كە لەسەر سنووری بیلاڕوسیا – پۆڵەندایە، دەڵێت كۆچبەران بوون بە سێ بەشەوە و هەر بەشەیان چارەنووسێكی دیاریكراوی دەبێت، كە هیچیان ڕۆیشتن نییە بەرەو وڵاتانی دیكەی ئەوروپا.
ئاكو مەجید، كە ڕۆژنامەنووسێكی هەرێمی كوردستان بوو و لەئێستادا لەنێو ئەو كۆچبەرانەدایە كە لە سنووری نێوان بیلاڕوسیا – پۆڵەندا گیریان خواردووە، نوێترین زانیاریی لەسەر ڕەوشەكە ئاشكرادرووە، دەڵێت، “بەداخەوە لێشاوی کۆچبەران شکستی ھێنا، لە ئێستادا بوون بە سێ گرووپ، گرووپێک کەمپ و دیپۆرت، گرووپێک مانەوە لەدەروازەی فەرمیی نێوان هەردوو وڵاتەكە، گرووپێکیش نازانرێت بۆ کوێ دەڕۆن و دوای ھێزی سەربازیی بیلاڕوسیا دەکەون”.
بەپێی قسەكانی ئەو ڕۆژنامەنووسە بێت، بەشێك لە كۆچبەران خۆیان ناونووس كردووە بۆ گەڕانەوە بەرەو عێراق و هەرێمی كوردستان و بەشێكیشیان لە كامپەكاندا دەمێننەوە، كۆمەلێكیشیان بڕیاریان داوە لەسەر سنووری هەردوو وڵاتەكە و لە خاڵە سنوورییەكەدا بمێننەوە، دیار نییە كۆچبەرەكانی دیكەش كە دوای سەربازانی بیلاڕوسیا دەكەون، بەرەو كوێ دەڕۆن.
چەند ڕۆژێك لەمەوبەر وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڕیاریدا ئەو كۆچبەرانە ناونووس بكات كە ئارەزووی گەڕانەوە بۆ خاكی وڵات (عێراق و هەرێمی كوردستان) دەكەن، بڕیاریشە سبەی پێنجشەممە یەكەم گەشتی ئاسمانیی گەڕاندنەوەیان ئەنجامبدرێت.