ئاژانسی ئەوروپا بۆ کاروباری ژینگە ئاشکرایکرد، بەهۆی پیسبوونی هەواوە تەنها لەساڵی 2019ـدا 307 حاڵەتی مردنی پێشوەخت لە یەکێتیی ئەوروپا تۆمارکراوە.
ئاژانسە ئەوروپییەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو ژمارە مردنە لەساڵێکدا تائێستاش زەنگێکی مەترسیدارە، لەگەڵ ئەوەی بەراورد بە ساڵی پێش خۆی، بەنزیکەیی ڕێژەی 10% کەمیکردووە، بەو پێیەی لە ساڵی 2018ـدا مردنی پێشوەختە لەو وڵاتەنە بەهەمان هۆکار 346 هەزار حاڵەت بووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی ئەوروپا بۆ کاروباری ژینگە، دەتوانرێت ساڵانە زیاتر لە نیوەی ئەو کەسانە لە مردن ڕزگاربکرێن، ئەگەر وڵاتانی ئەندامی یەکێتییەکە ڕێنماییەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ ڕێگریکردن لە پیسبوونی هەوا جێبەجێبکەن.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەکردووە، لەسەرەتای ساڵانی نەوەدەکاندا ژمارەی مردنی پێشوەخت بەهۆی پیسبوونی هەواوە لە یەکێتیی ئەوروپا نزیکەی یەک ملیۆن حاڵەت بووە و ژمارەکە لە ساڵی 2005ـدا دابەزیوە بۆ 450 هەزار حاڵەت.
تائێستا پیسبوونی هەوا یەکێکە لە هەڕەشە مەترسیدارەکانی سەر وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا، نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک لە دیارترین هۆکارەکانی مردنی پێشوەختن، کە هۆکارەکەی پیسبوونی هەوایە لەو وڵاتانە، دوای ئەوانیش نەخۆشییەکانی سییەکان و شێرپەنجەی سییەکان دێت.