كۆچبەرانی كورد لە چاوەڕوانیی بڕیارە سیاسی و مرۆییەكاندان

قەیرانی كۆچبەران لە سنووری بیلاڕوسیا بەردەوامە و كرملین ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ چارەسەركردنی ئەو پرسە، ئەمڕۆش جارێكی دیكە كۆچبەران لە سنوورەكان كۆبوونەوە.

بەپێی هەواڵی میدیا جیهانییەكان، كۆچبەران ئەمڕۆ جارێكی دیكە لە سنووری پۆڵەندا كۆبوونەتەوە تاوەكو سوپای پۆڵەندا ڕێگەیانبدات بچنە نێو خاكی وڵاتەكەوە.

سوپای پۆڵەنداش هێزی زیاتری لە سنوور كۆكردووەتەوە و بەپێی هەواڵی میدیا نێوخۆییەكانی ئەو وڵاتە، زیاتر لە 16 هەزار سەرباز كۆبوونەتەوە و سوپاش لە ئاسمانەوە چاودێریی دۆخەكە دەكات.

لەگەڵ زیاتر گرژبوونی دۆخەكە، ڕوسیا ئامادەیی خۆی بۆ چارەسەركردنی قەیرانی كۆچبەران لەگەڵ یەكێتیی ئەوروپا دەربڕی و لە ڕاگەیەندراوێكدا كرملین ئاماژەی بەوەكردووە، ڕوسیا هاوكاریی یەكێتیی ئەوروپا دەكات لە چارەسەركردنی پرسی قەیرانی كۆچبەرانی سەر سنووری بیلاڕوسیا.

باسی لەوەشكرد، ئەمریكا لێكدانەوەی هەڵە بۆ قەیرانی كۆچبەرانی سەر سنووری بیلاڕوسیا و پۆڵەندا دەكات.

هاوكات وتەبێژی كرملین جەختی لەوە كردووەتەوە كە سەرۆكی ڕوسیا بەردەوام لە پەیوندیدایە لەگەڵ سەرۆكی بیلاڕوسیا لەبارەی پرسی كۆچبەرانی سەر سنوور.

لەلایەكی دیكەوە، یەكێتیی ئەوروپا خۆی ئامادەدەكات بۆ سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر بیلاڕوسیادا، سزاكان پەیوەندییان بە سەركوتكردنی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەكەوە هەیە، بەڵام هاوكاتیشە لەگەڵ كێشەی كۆچبەرانی سەر سنوورەكانی بیلاڕوسیا و پۆڵەندا، كە ئەوروپای نیگەرانكردووە.

بڕیارە ئەمڕۆ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا كۆببنەوە، ئامانجیان فراوانتركردنی سزاكانی سەر بیلاڕوسیایە، بەهۆی بەردەوامیی حكومەتی وڵاتەكە لەسەر سەركوتكردنی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەكەی و دژبەرانی دەسەڵاتەكەی ئەلیكساندەر لۆكاشینكۆ.

ئەگەری فراوانتركردنی سزاكان هاوكاتە لەگەڵ یەكەم پەیوەندیی ڕاستەوخۆی نێوان مینسك و برۆكسل لەبارەی پرسی كۆچبەرانەوە، كە تیایدا جۆزێپ بۆریێل، بەرپرسی كاروباری دەرەوەی سیاسەتی ئاسایشی یەكێتیی ئەوروپا لەگەڵ ڤلادیمێر ماكی، وەزیری دەرەوەی بیلاڕوسیا گفتوگۆی كرد.

بۆریێل سەرەڕای ئاشكراكردنی گفتوگۆكەی لەگەڵ بەرپرسەكەی بیلاڕوسیا، لە تویتێكدا لەبارەی پرسی كۆچبەرانەوە دووپاتیكردەوە، “دۆخی ئێستای كۆچبەران قبوڵكراونییە و پێویستە كۆتایی پێبێت، نابێت خەڵك وەكو چەك بەكاربهێنرێن”، وەك ئاماژەیەك بۆ بەكارهێنانی كۆچبەران وەك كارتی فشار و هەڕەشە بۆسەر یەكێتیی ئەوروپا.

لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی بیلاڕوسیا هۆشداری دا لەوەی هەر سزایەكی دیكەی یەكێتیی ئەوروپا بۆسەر مینسك دەرئەنجامی پێچەوانەی دەبێت.

دوای فراوانبوونی كاردانەوەكانیش، بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی فرانس پرێس، ئه‌لیكسانده‌ر لوكاشینكۆ سه‌رۆكی بیلاڕوسیا ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ڕایگه‌یاندووە، وڵاته‌كه‌ی كار له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی كۆچبه‌ران ده‌كات بۆ وڵاته‌كانیان، كه‌ زۆربه‌یان خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستن.

هەر بەپێی هەواڵی ئاژانسە فەرەنسییەكە، سەرۆكی بیلاڕوسیا وتوویەتی چالاكییه‌كانیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ چڕده‌كه‌نه‌وه‌، تا ئه‌و خه‌ڵكه‌ ڕازیبكه‌ن بگه‌ڕێنه‌وه‌ وڵاته‌كانیان، به‌ڵام كه‌س به‌ زۆره‌ملێ ناگه‌ڕێننه‌وه‌.

هاوكات نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیازی ئەوە دەكات مافی پەناخوازیی ئەوانە قبوڵبکرێت کە ناتوانن بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان و ئەو کۆچبەرانەشی دەیانەوێت لەگەڵ خێزانەکانیان لە وڵاتانی ئەوروپا یەکبگرنەوە ڕێگەیان پێبدرێت.

عێراق بە گەشتی خۆڕایی ئەو كۆچبەرانە دەگەڕێنێتەوە كە دەیانەوێت لە بیلاڕوسیاوە بگەڕێنەوە

ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە، 18ی ئەم مانگە یەكەمین گەشت بۆ ئەو كۆچبەرانە ڕێكدەخەن كە بە ویستی خۆیان دەیانەوێت لە سنوورەكانی بیلاڕوسیا و پۆڵەنداوە بگەڕێنەوە.

باسی لەوەشكردووە، حکومەت بودجەیەکی فریاكەوتنی بەبەهای 300 ملیۆن دینار بۆ وەزارەتی دەرەوە تەرخانکردووە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو كۆچبەرە عێراقییانەی كە دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ وڵات.

سەحاف لە ڕاگەیەندراوەكەیدا ئاشكراشیكردووە، وڵاتانی ئیمارات، قەتەر، توركیا و میسر ڕێگەیان داوە هاوڵاتییانی عێراق ڕاستەوخۆ گەشت بۆ بیلاڕوسیا بكەن. جەختی لەوەشكردەوە، وەزارەتی دەرەوە لیژنەیەكی باڵای حكومی بۆ بەدواداچوونی دۆسیەكە پێكهێناوە.

بەپێی ئامارە نافەرمییەكان سێ تا چوار هەزار كۆچبەر ماوەی نزیكەی مانگێكە لە سنووری بیلاڕوسیا و پۆڵەندا كۆبوونەوتەوە و دەیانەوێت بپەڕنەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا، بەڵام لەلایەن دەسەڵاتدارانی پۆڵەنداوە ڕێگرییان لێدەكرێت.

بابەتی پێشتر

وێنە.. پۆلیس دەستی بەسەر سەدان پارچە چەکدا گرت

بابەتی دواتر

هۆکارەکانی هەڵوەرینی قژ چین؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share