لە شارێكی میسر، دوای بارینی تەرزە و باران، دووپشك بەلێشاو دەدات بەسەر شارەكەدا و بەهۆی پێوەدانی دووپشكەوە 476 كەس ژەهراوی بوون.
بەپێی هەواڵی میدیا نێوخۆییەكانی میسر، دوای بارینی تەرزە و باران لە شاری “ئەسوان”ی میسر بەلێشاو دووپشك دەدات بەسەر شارەكەدا.
خالید موجاهد وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی میسر ئاماژەی بەوەكردووە، هیچ حاڵەتێكی گیانلەدەستدان بەهۆی پێوەدانی دووپشكەوە تۆمارنەكراوە، بەڵام 476 كەس بەهۆی پێوەدانی دووپشكەوە ژەهراوی بوون و دوای لێدانی دەرزیی دژەژەهر، نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.
هەر بەپێی هەواڵی میدیاكانی میسر بەهۆی زۆری بارانبارینەوە لافاو لە شارەكە دروستبووە، ئەوەش وایكردووە دووپشكەكان لە شوێنەكانیان بێنەدەرەوە و لافاوەكەش گواستوونیەتیەوە بۆ نێوماڵەكان.
بەپێی ئامارە نافەرمییەكان، ساڵانە لە جیهاندا 1.2 تا 1.5 ملیۆن حاڵەتی پێوەدانی دووپشك تۆماردەكرێت و دووهەزار و 600 كەسیش گیانلەدەستدەدەن.