قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە یادی 237 ساڵەی دامەزراندنی شاری سلێمانی پەیامێكی بڵاوكردەوە.
لە پایەمەكەیدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان وێڕای پیرۆزباییكردن ئاماژەی بەوەكردووە،”ئیتر کاتی ئەوە هاتووە سلێمانی و دەسەڵات ئاشت ببنەوە، ئاشتبوونەوەش بە خزمەتکردنی شارەکە و بەڕێزگرتنی تاک بە تاکی هاوڵاتیان و دانیشتوانەکەی دەبێت.”
هەروەها جەختی لەوەكردووەتەوە، “چیتر پۆست و بەرپرسیارێتی ئیمتیاز نییە، بەڵکو بۆ خزمەتکردنە”.
لەبەشێكی دیكەی پەیامەكەدا هاتووە، “لەمەودوا ئەوانەی بەرپرسیارێتییان پێ دەدرێت دەبێت خۆیان بە خزمەتکاری خەڵکی ئەم شارە بزانن”.
قوباد تاڵەبانی دەشڵێت، “سلێمانی بێخاوەن نییە، شاری شاران بووە و هەر واش دەمێنێت. “
لە كۆتایی پەیامەكەیدا جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم دەڵێت، “بەڵێن دەدەین جوانترین نمونەی خزمەتگوزاری بەم شارە خۆشەویستە پێشکەش بکەین و ناو و ناوبانگ و پێگەی ئەم شارە وەک پێشەنگی کاری هونەریی و ڕۆشنبیری بەرز ڕاگرین”.