پۆلیسی ڕاپەڕین: ئەو ماڵەی شەوی ڕابردوو تەقەی لێکرا ماڵی سلێمان هەڵشۆیی نییە

 

پۆلیسی ڕاپەڕین ئاشکرایکرد، شەوی ڕابردوو دوو کەسی نەناسراو تەقەیان لە ماڵی هاوڵاتییەک کردووە، ئەو دەنگۆیانەش ڕەتدەکاتەوە کە ماڵی سلێمان هەڵشۆیی بووبێت.

شۆڕش ئیسماعیل وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی ڕاپەڕین لە بارەی ڕووداوەکەوە بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، ڕووداوەکە لە هەمان ئەو گەڕەکە بووە کە ماڵی سلێمان هەڵشۆیی تێدایە، بەڵام ئەو ماڵەی تەقەی لێکراوە ماڵی هاوڵاتییەکی کاسبکارە.

وتیشی، ئەو ماڵەی تەقەی لێکراوە ماڵی برای بەرپرسێکی دەروازەی کیلێ-یە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی ڕاپەڕین، کاتژمێر 11:10 خولەکی شەوی ڕابردوو لە گەڕەکی هەنارۆکی قەزای قەڵادزێ دوو کەسی نەناسراو تەقەیان لە ماڵی هاوڵاتییەکی کاسبکار کردووە.

ئاماژە بەوەکراوە، ئەو دوو کەسە ماتۆڕسکیلیان پێبووە و بە جەکی کڵاشینکۆف تەقەیان لەو ماڵە کردووە، پۆلیس لە شوێنی ڕووداوەکە 25 قەوانی فیشەکی دۆزیوەتەوە، زۆترین گوللـە بەر ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری ماڵەکە کەوتووە و هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە.

خاوەن ماڵەکە کە وتەی بە پۆلیسی ڕاپەڕین داوە دەڵێت، “کێشەم لەگەڵ هیچ کەسێک نییە”.

پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایگەیاندووە، تائێستا تەقەکەرەکان نەناسراون و دوای ڕووداوەکە هەڵاتوون و دەستگیرنەکراون.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

غەریب ئەحمەد: پێشنیازەكەی یەكێتی لەبارەی پاشەكەوتەوە دەخرێتە دەنگدانەوە و پەسەندكرا سەركەوتنەكە بۆ خەڵكی كوردستانە

غەریب ئەحمەد پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، هەڵوێستی یەكێتی…
Total
0
Share