مەلا بەختیار دەگەڕێتەوە هەرێم
پێشتر ڕایگەیاندبوو لەسەر ژەهرخواردكردنەكەی سكاڵا تۆماردەكات

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی‌ و بەرژەوەندیی یەكێتی

پاش وەرگرتنی چارەسەر لە دەرەوەی وڵات، بڕیارە ئەمڕۆ مەلا بەختیار بگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان.

بەپێی سەرچاوە نزیكەكان لە مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی‌ و بەرژەوەندیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بڕیارە ئەو بەرپرسەی یەكێتی كاتژمێر 01:00ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەڕێی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە بگاتەوە هەرێمی كوردستان.

ئەمەش دوای ئەوە دێت لە دوو هەفتەی ڕابردوودا بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر بەهۆی ژەهرخواردكردنەیەوە، ڕووی لە وڵاتی ئەڵمانیا كردبوو.

لە 30ی تشرینی یەكەمی ڕابردوو سەرچاوەیەكی نزیك لە مەلا بەختیار لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند، لە دوو نەخۆشخانەی هەرە پێشكەوتووی ئوردن (الخالدیە) و بەرلین (ڤیڤانتێست) پشكنینی ورد و هەرە زانستیی بۆ كراوە، هەردوو نەخۆشخانەكە سەرەنجامی پشكنینی تایبەتی پۆلیس بۆ ئەم تاوانانە، بە بەڵگەی زانستی سەلمێنراو، دەركەوتووە مەلا بەختیار بە ژەهری (جیوە) دەردەدار كراوە.

دەشڵێت، “لە گەڕانەوەدا، دوای دوو هەفتە، تەواوی بەڵگەكان دەخاتە بەردەم ڕای گشتی‌ و یەكێتی و حزبە تێكۆشەرەكانی كوردستان ‌و عیراق، هەروەها كونسوڵگەریی ‌و سەفارەتەكان”.

سەرچاوەكە لەسەر زاری مەلا بەختیارەوە ئەوەشی خستەڕوو، چاوەڕوانی بەپەلە و دەستبەجێی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای سیاسی‌ و بەرژەوەندیی یەكێتی‌ و مەكتەبی سیاسی دەكات، سەبارەت بەم تاوانە، دوای ئەوەش، سكاڵا لە دادگای كوردستان تۆماردەکات، تەنانەت سكاڵا دەگەیەنێتە دادگای وڵاتێكی ڕۆژئاواش، هەروەها ڕێكخراوە مرۆییەكانی جیهانیشی لێئاگاداردەكاتەوە.

بابەتی پێشتر

نەكەی ڕۆژەكەت بە خواردنی مۆز دەستپێبكەیت!

بابەتی دواتر

ئەمساڵ 34.4 ملیۆن ئەمریكی وازیان لەكار هێناوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share