نەكەی ڕۆژەكەت بە خواردنی مۆز دەستپێبكەیت!

دەكرێت لەگەڵ خۆراكی دیكە بخورێت

زۆرێك لە ژەمی بەیانیاندا میوەكان دەخۆن. لەنێو ئەو میوانەشدا كە زۆر پشتی پێدەبەسترێت بۆ پڕكردنەوەی برسێتی بەیانیان، مۆزە. بەڵام ئایا خواردنی مۆز بە گەدەی بەتاڵ كارێكی تەندروستە؟

لای بەشێكی زۆری خەڵك وا باوە كە نانی بەیانیان پێویستە شاهانە بێت، بەهۆی ئەوەی جەستە پێویستی بە بڕی پێویستی وزەیە بەدرێژایی ڕۆژ، بەڵام زۆرێك لە بەیانیاندا نان ناخۆن، بەهۆی نەبوونی حەزی خواردنەوە بێت یان بەهۆی كەمی كاتەوە، لەجیاتی ئەوە هەندێك پەنا بۆ مۆز دەبەن بۆ ئەوەی بە گەدەی بەتاڵەوە لە ماڵ نەچنەدەر.

مۆز ڕێژەیەكی زۆر شەكری تیایە زۆرتر لە میوەكانی دیكەی وەك سێو و هەرمێ، وزەی خێرا دەدات بە جەستە. لەبەر ئەمەش زۆرێك لە وەرزشكاران لەكاتی یاریكردن یان ڕاهێناندا دەیخۆن، بەهۆی كاریگەرییە خێراكەی كە هێزێكی نوێیان پێدەدات، بەڵام خواردنی مۆز بەتەنها و وەك ژەمی بەیانی بیرۆكەیەكی باش نییە، وەك ئەوەی لە سایتی (تی ئۆنلاین)ی ئەڵمانیدا لە زاری شارەزایانی خۆراكەوە هاتووە.

هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئاستی شەكر لە خوێندا لە سەرەتادا بەخێراییەكی زۆر بەرزدەبێتەوە، دواتریش بەخێرایی دادەبەزێت، دوای ئەوەش هەستێكی قورسی برسێتی دەهێنێت پاشانیش دەبێتە هۆی ماندوێتی. بۆیە مۆز بیرۆكەیەكی باش نییە بۆ پارێزگاری لە توانای جەستەیی تا ئەوكاتەی دەگەیتە ژەمە خۆراك.

بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە كە پشت لە مۆز بكرێت یان بەتەواوی واز لە خواردنی بهێنرێت لە بەیانیاندا. مۆز ڕێژەیەكی زۆری ڤیتامین B6 و پۆتاسیۆم-ی تیایە، گەدە ناتوانێت هەموو ئەم ماددە تەندروستانە بە خێرایی و توانای بەرز و كاریگەر هەرس بكات، ئەگەر لەگەڵ خواردنی دیكەدا نەخورێت، وەك ئەوەی سایتەكە ئاماژەی پێداوە.

بۆیە شارەزایانی خۆراك ئامۆژگاری ئەوانە دەكەن كە حەزیان بە خواردنی مۆزە لە بەیانیاندا، دەتوانن بە تێكەڵكردنی لەگەڵ موسلی (تێكەڵەی دانەوێڵەكان) یان كەرە یاخود چەرەسات بیخۆن.

بابەتی پێشتر

ئێران لەبارەی دانوستانەکانی ڤیەننا: لەسەر ڕێگایەکی داخراو نامێنینەوە

بابەتی دواتر

مەلا بەختیار دەگەڕێتەوە هەرێم<br> پێشتر ڕایگەیاندبوو لەسەر ژەهرخواردكردنەكەی سكاڵا تۆماردەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share