وشکبوونەوە و بەبیابانبوون هەڕەشە لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکات

ڕووباری خاپوور، کە بەناو بەشێک لە خاکی سوریادا تێدەپەڕێت، لەوانە سنووری حەسەکەی رۆژئاوای كوردستان، ئێستا بەهۆی کەبوونەوەی ئاوی ڕووبارەکەوە، ناوچەكە وەک شوێنی ژیان دەستنادات بۆ خەڵکەكەی، تەنانەت گرفتی بۆ درەخت و سەوزاییەکانیش دروستكردووە، ئەمەش دوای ئەوەی گروپە چەکدارەکان دەستیان بەسەرداگرت.

ئێستا زەوییەکانی حەسەكە ماونەتەوە، بەڵام ئاوەکەی ونبووە، ئەو دانیشتووانەی لەکاتی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و هێرشەكانی گروپە چەكدارە سورییەكانی هاوپەیمانی توركیا بۆسەر ناوچەکە ڕۆیشتوون، نەگەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکەیان بۆ کشتوکاڵکردن، بەڵام نەک لەبەر بوونی شەڕ، بەڵکو بەهۆی بێئاوییەوە.

وشکبوونەوەی بەرفراوان و بەبیابانبوون هەڕەشە لە هەموو ئەو ناوچانەی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات.

دوای 10 ساڵ شەڕ لە سوریا، بێئاوی کارەساتێکی نوێیە بۆ ئەو ناوچەیەی ڕۆژئاوای كوردستان، ڕێکخراوی ئاشتیی هۆڵەندی (Pax) لە کۆتا ڕاپۆرتیدا لەوبارەیەوە، کە لە هەفتەی ڕابردوودا بڵاویکردووەتەوە، لەزاری دانیشتووانی حەسەکەوە دەڵێت، ڕووباری خاپوور وشکبووە دوای ئەوەی ئەو گروپە چەکدارانەی لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتیدەکرێن، ئاڵۆزییان لەناوچەکەدا دروستکرد و ئاوی ڕووبارەکەش یەکێک بوو لەو فشارانەی بەکاریانهێنا.

ئارام حەنا وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات – هەسەدە بە ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی وتووە، “ئەوە تاوانێکی دژی مرۆڤایەتییە، کەسیش هەوڵنادات ڕایانگرێت”.

حەنا لە یەکێک لە گوندەکانی دەوروبەری حەسەکەیە، کە زۆرینەیان مەسیحین و بەشێک لە ڕووباری خاپوور کە وشکبووە، بەگوندەکەیاندا تێدەپەڕێت و گروپە چەکدارە سورییەکانی سەربە تورکیا لەو گوندەدا شەڕیان دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەنجامداوە.

بەپێی ڕۆژنامە بەریتانییەكە، تەنها ناکۆکییەکانی ناوچەکە هۆکار نین بۆ قەیرانی ئاو لەو ناوچانە، بەڵکو گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوا یەکێک لە هۆکارە کاریگەرەکانی سەر ئەو قەیرانەیە.

جوتیارانی ناوچەکە بەهۆی قەیرانی ئاو و داڕمانی داهاتەکانیان کۆچ دەکەن، بەهۆی ئەوەی ناچارن بۆ دەستکەوتنی ئاو لە قوڵایی زەویدا بەدوای ئاودا بگەڕێن.

جاسم محەمەد یەکێک لە جوتیارەکانی دێرەزوور دەڵێت، “ئەمساڵ نەمانتوانی هیچ گەنمێک بەرهەمبهێنین، ئەوە کارەساتە، بەبێ گەنم و بەبێ نان دەمێنینەوە”.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هاریکاریی نێودەوڵەتی، پێنج ملیۆن کەس لە سوریا و حەوت ملیۆن کەس لە عێراق ناتوانن دەستیان بگات بە ئاو، هەروەها کشتوکاڵی گەنم لەهەردوو وڵاتەکەدا شکستیهێناوە، کە بە کرۆکی کشتوکاڵ دادەنرێت لەلای دانیشتووانی ئەو ناوچانە.

هەروەها ڕێکخراوی Mercy Corps کە ڕێکخراوێکی دیکەی هاریکارییە دەڵێت، “قەیرانی ئاو لەو ناوچانە و نەبوونی ئاوی پاکی خواردنەوە، هەزاران کەس لەم وەرزەدا ڕووبەڕووی تووشبوون بە نەخۆشیی مەترسیدار دەکاتەوە.

بابەتی پێشتر

چاڤی یاسای نوێی بۆ بەرشلۆنە داناوە

بابەتی دواتر

مۆرینیۆ پێنج یاریزانی نوێی دەوێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share