ئەنجومەنی سەركردایەتی: سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی هەڵبژێردرا تا چاکسازییەکانی درێژە پێبدات

ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سەروتاری ڕاگەیاندنی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی بڵاوكردەوە و دەڵێت، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانیی هەڵبژارد تا ئەرکەکانی قۆناغی داهاتوو تەواوبکات و چاکسازییەکانی درێژە پێبدات.

لە سەروتاری ڕاگەیاندنی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا هاتووە، کۆبوونەوە لەسەر دوو دینگەی پتەوی دەربەستی و بەرپرسیارێتی ئاماژەی پتەوبوونەوەی ڕیزەکانی یەکێتی بۆ دوور و نزیک، دۆست و لایەنگر و پەیوەندیدارانی بزوتنەوەی سیاسیی کوردستان و عێراق نارد و دووپاتکردەوە.

جەختدەكاتەوە، “ئەنجومەنی سەرکردایەتی بە پەرۆشی و بەرپرسیارێتییەوە هەموارەکانی پەیڕەوی ناوخۆی پەسەندکرد، سیستمی نا کارا و شپرزەیی هاوسەرۆکایەتیی هەڵوەشاندەوە و هەڤاڵ سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانیی هەڵبژارد، تا ئەرکەکانی قۆناغی داهاتووش تەواوبکات و متمانەی سەرکردایەتی و قاعیدەی یەکێتی بۆ خێر و خۆشیی کوردستان بخاتەگەڕ و چاکسازییەکانی درێژە پێبدات، کە ئەم چاکسازی و خۆڕێکخستنەوە و خۆتوندوتۆڵکردنەوەیە ڕەزامەندییەکی گشتی و جەماوەریی بەدەستهێناوە و دەهێنێت”.

دەقی سەروتارەكە:

سەروتاری ڕاگەیاندن

پیرۆزە لە یەکێتییەکان

پیرۆزە لە سەرۆك

کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان مێژووییترین کۆبوونەوەی سەرکردایەتی بوو لە دوای کۆنگرەی چوارەمی ئەم حزبەوە، کۆبوونەوەیەک پێکەوەیی و یەکبڕیاری و یەکهەڵوێستی و… ئینجاش، بە گفتوگۆی چڕی هەڤاڵانەوە، دەریچەی ڕێکخراوەیی و دیموکراتی بۆ داهاتووی حزبی شەهیدان، پەسەندکرد.

کۆبوونەوە لەسەر دوو دینگەی پتەوی دەربەستی و بەرپرسیارێتی ئاماژەی پتەوبوونەوەی ڕیزەکانی یەکێتی بۆ دوور و نزیک، دۆست و لایەنگر و پەیوەندیدارانی بزوتنەوەی سیاسیی کوردستان و عێراق نارد و دووپاتکردەوە.

*دینگەی یەکەمیان: لە بازنەی فراوانی ڕێکخراوەیی یەکێتییەوە، لە ڕاو سەرنج و پێشنیاز و ڕەخنەی کادیران و تێکۆشەرانی یەکێتییەوە، لە دیداری بەرفراوانی هەزاران هەڤاڵی دێرین و نوێوە دەستیپێکرد کە لە بەهاری ئەمساڵ تا جەنەراڵ دیدار لە کۆتایی مایسی ڕابردوو، قسەیان دەربارەی یەکێتییەکەی خۆیان کرد و گەڵاڵەی هەموو ڕاو ڕاز و نیازیان بەسەر سیانزە سێکتەردا دابەشکرد و ئەمڕۆش ئەنجومەنی سەرکردایەتی هەر هەموویانی پەسەندکرد.

واتە دەستپێکی کۆبوونەوەی ئەنجومەن سڵاوی سەرکردایەتیی یەکێتی بوو بۆ ڕەنجی بیرکردنەوە و لێکدانەوەی چەند مانگەی جەماوەری فراوانی ئەم حزبە لە سەرتاسەری کوردستان، لەگەڵ پەسەندکردنیشی دامەزراوە و ئۆرگانە حزبییەکانی ڕاسپارد ڕێوشوێنی جێبەجێکردنی بدۆزنەوە و کاری لەسەر بکەن.

ئیتر لەمڕۆوە (28/8/2022) کتێبی دیدار کە پوختکراوەی ڕاسپاردەی سەرجەم لیژنەکان دەگرێتەخۆی، لە پاڵ پەیڕەو و پرۆگرام، دەبێتە ڕێنوێنیی ئۆرگانەکان و هەڤاڵانی یەكێتی بۆ کار و تێکۆشان تا دیداری داهاتوو کە ئەنجومەن بریاری دا وەک دیاردەیەکی دیموکراتیی حزبییانە و بۆنەیەک بۆ ئەپدەیتکردنەوەی پەیوەندیی یەکێتی بە جەماوەر و دەستەبژێری کوردەوارییەوە، ساڵانە سازبکرێت.

*دینگەی دووەمیان: پتەوکردنەوەی یەکئاراستەیی و یەک بڕیاری و یەکهەڵوێستیی ئەنجومەن، بۆ ئەوەی یەکێتی ڕیزەکان لە سەرکردایەتییەوە شۆڕبێتەوە بۆ سەرجەم ئۆرگانەکان، بەجۆرێ وا بێت کە ئیتر سەرکردایەتی پێشڕەوی ئەرک و بەرپرسیارێتیی ستراتیژیی حزبەکە بێت و بەو پتەوی و تۆکمەیی و یەکێتییەوە دەرەقەتی ئەرکەکانی قۆناغ بێت کە ئەمڕۆی کوردستان و عێراق پێویستی بە سیاسەتی بنیاتنەرانە و ژیرانەی حزبەکەی مام هەیە و لە تەقویمی ڕووداوەکانی ماوەی ڕابردووش ئەم ڕاستییە بە ڕوونی و ڕەوانی دەرکەوتەوە.

چونکە دۆخی ئەمڕۆی پرۆسەی سیاسیی عێراق و دۆخی ناوخۆی کوردستانیش نیشانی دەدا گەلێک پێویستی بە دەستپێشخەری و هەڵوێستەکانی یەکێتی و سەرۆکایەتییەکەی هەیە.

جا بەخۆشحاڵییەوە هەڵسەنگاندنی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بۆ ئەم پێویستییە حزبی و نیشتمانییە وابوو کە لەگەڵ ویستی یەکبڕیاری و یەکهەڵوێستی و ئاراستەی ژیرانەی نزیکەی ساڵی ڕابردوو وێک بێتەوە، بۆیە بە پەرۆشی و بەرپرسیارێتییەوە هەموارەکانی پەیڕەوی ناوخۆی پەسەندکرد، سیستمی نا کارا و شپرزەیی هاوسەرۆکایەتیی هەڵوەشاندەوە و هەڤاڵ سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانیی هەڵبژارد تا ئەرکەکانی قۆناغی داهاتووش تەواوبکات و متمانەی سەرکردایەتی و قاعیدەی یەکێتی بۆ خێر و خۆشیی کوردستان بخاتەگەڕ و چاکسازییەکانی درێژە پێبدا کە ئەم چاکسازی و خۆڕێکخستنەوە و خۆتوندوتۆڵکردنەوەیە ڕەزامەندییەکی گشتی و جەماوەریی بەدەستهێناوە و دەهێنێت، ئەمەش لە کاتی بە تەنگەوەهاتنی گرفت و داخوازیی خوێندکاران، لە کاتی بڕیارەکانی لێپرسینەوە لە دەستدرێژیکردنە سەر ماڵ و موڵکی گشتی و زۆر بڕیاری تریش، بە ڕوونی دەرکەوت.

هەر بە ڕاستی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی لەبەر ئەوەی بنتەمەڵی ( دیموکراسی و قاعیدەی فراوانی ئەندامان) و (یەکتیمی)ی جێگیرکرد، بووە وێستگەیەکی نوێ لە ژیانی حزبایەتیی یەكێتی کە تامی سیاسەتە حەکیمانەکەی سەرۆک مام جەلال دەدا و بۆنی خۆشی چەپکەگوڵەکەی لێدێت کە چەپکە گوڵی: دەربەستی و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی، هەڵسەنگاندنی ورد و ژیرانە، دەستپێشخەری و خاوەندارێتییە لە ئیرادە و داخوازییەکانی کۆمەڵانی خەڵک و سەرئەنجامیش کارێکی چاک و باشیکرد کە بە دەنگدانی دیموکراتی ئەم ئەمانەتە مێژووییەی بە ئاییندەی گەشی کوردستان سپارد.

پیرۆزە لە یەکێتییەکان، لە سەرکردایەتیی یەکگرتوو و بە ئیرادەی یەکێتی و پیرۆزە لە سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی کە ڕاسپێردرا ئەرکە قورسەکە تەواوبکات و گەرەکە هەموو یەکێتییەکان، لە هەموو ئاستەکاندا، پشتیوانیبن بۆ خزمەتی میللەتەکەمان.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share