ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕی 200 هەزار دۆلاری بۆ وەزارەتی دەرەوە تەرخانكرد بۆ گەڕاندنەوەی ئەو كۆچبەرانەی كە دەیانەوێت لە بیلاڕوسیا و پۆڵەندا بگەڕێنەوە عێراق.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆكایەتیی مستەفا كازمی كۆبووەوە و تاوتوێی دوایین گۆڕانكاریی و پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانیان كردووە.
لە كۆبوونەوەكەدا ئەنجومەنی وەزیران بڕی 200 هەزار دۆلاری بۆ وەزارەتی دەرەوە تەرخانكرد، بۆگەڕاندنەوەی ئەو كۆچبەرانەی كە لە بیلاڕوسیا، لیتوانیا و پۆڵەندان و دەیانەوێت بگەڕێنەوە عێراق.
هەروەها وەزارەتی تەندروستی ڕاسپێردرا كە هۆشیاریی زیاتر بدەنە هاوڵاتییان كە خۆیان ڤاكسین بكەن.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، وەزیری سەرچاوە ئاوییەكان ڕاسپێردراوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی بەردانەوەی ئاو.