مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی هێرشەکەی سەر ماڵی مستەفا کازمییەوە ڕایگەیاند، “بە ئامانجگرتنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئامانجگرتنی پرۆسەی دیموکراسیی عێراقە”.
لە ڕاگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیدا ئاماژە بەوەکراوە، “هێرشی سەر ماڵی مستەفا کازمی ڕەتدەکەینەوە و داوای هەڵوێستی یەکڕیزی دەکەین دژی گەڕانەوەی هەوڵی کوشتن”.
مەكتەبی سیاسیی یەكێتی داوا لە كۆی هێزە عێراقییە نیشتمانییەكان دەكات پێداگری بكەن لەسەر ئارامیی وڵات و سیستمی دیموكراسیی فیدراڵی، هەروەك داوای كردووە، لە ڕەوشی ئێستادا هەڵوێستی یەكڕیزی دژی هەوڵەكان بۆ گەڕانەوەی كوشتن و تیرۆركردن بوەستن و ڕێز لە دەستوور و یاسا و پابەندبوون لە دامەزراوە دیموكراسییەكان دووپاتبكرێتەوە.
مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ئاشكراكردنی بەرپرسیارانی هێرشەکە و دادگاییكردنیان دووپاتكردووەتەوە و پێداگریی كردووە لەسەر ئەوەی، كە نابێت بەرپرسیارانی ئەو ڕووداوە بەبێ سزادان دەربازیان ببێت.
هێرشەكەی سەر ماڵی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، كاردانەوەی ناوخۆیی لە عێراق و هەرێمی كوردستان لێكەوتەوە، زۆربەی كاردانەوەكان سەركۆنەی هێرشەكە دەكەن و بەشێكیان بە تیرۆریستی وەسفیدەكەن، داوای دانبەخۆداگرتن و هێوركردنەوەی دۆخەكە دەكەن، بەشێك لە لایەنە شیعییەكانی نزیك لە ئێرانیش بەجۆرێك لە گومانەوە دەڕواننە هێرشەكە و پێیان وایە بۆ بەئامانجگرتن و تۆمەتباركردنی “گروپەكانی بەرگری”یە.