قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، هێرشەكەی سەر ماڵی كازمی سەركۆنە دەكات و داوای سەرخستنی بەرژەوەندیی گەل دەكات.
لە ڕاگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە بڵاویكردەوە، قوباد تاڵەبانی دەڵێت، “ئەو هێرشە تاوانكارییە بەتوندی سەركۆنە دەكەم كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ كرایەسەر ماڵی بەڕێز مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەغداد، لەكاتێكدا جەختدەكەینەوە لە ڕەتكردنەوەی ئەو تاوانە كە دژ بە گشت بنەما و بەها ئاكاری و مرۆییەكانە، داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەین ڕیزەكانیان یەكبخەن و دووربكەونەوە لە ترازان و یەكڕیزبن بەڕووی ئەو هێرشە تاوانكارییانەدا”.
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، داوادەكات بەرژەوەندیی عێراق و گەلەكەی پێشبخرێن لەپێناو پتەوكردنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرانسەری وڵاتدا.
لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەیدا قوباد تاڵەبانی دەڵێت، “لەمكاتەدا كە گەلی عێراق چاوەڕوانە لایەنە سیاسییەكان بگەن بە ڕێككەوتن بۆ پێكهێنانی حكومەتێك كە خزمەتگوزاری دەستەبەربكات و ئاسایش بەرقەراربكات، داوادەكەین سازان بكرێت و ناكۆكییەكان وەلابنرێن لەپێناو لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەكانی گەلی عێراق بە هەموو ڕەنگ و پێكهاتەكانییەوە”.