كاردانەوە دەرەكییەكانی هێرشەكەی سەر ماڵی كازمی

مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق

زۆرێك لە وڵاتانی عەرەبی، هەرێمی و جیهان، سەركۆنەی هێرشەكەی سەر ماڵی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكەن و بە نیگەرانییەوە لە دۆخەكە دەڕوانن، داوای دانبەخۆداگرتن لە لایەنە عێراقییەكان دەكەن.

سیسی داوای پاراستنی كازمی لە خودا دەكات
عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسر لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، “بەوپەڕی نیگەرانییەوە چاودێریی هەوڵی گڵاوی تیرۆركردنی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراقم كرد، لەكاتێكدا سەركۆنەی ئەو هەوڵە دەكەم، داوا لە خودا دەكەم بیپارێزێت و ئاسایش و ئارامی بۆ عێراق و گەلەكەی بێتە ئارا”.

سیسی داوای هێوربوونەوە و ڕەتكردنەوەی توندوتیژی لە هەموو لایەن و هێزە سیاسییەكانی عێراق كردووە، “دەستبخەنە ناو دەست بۆ پاراستنی ئارامیی دەوڵەت و بەدیهێنانی هیواكانی گەلی عێراقی برا”.

سعودیە: هێرشێكی ترسنۆكانەیە
وەزارەتی دەرەوە بەناوی میرنشینی عەرەبی سعودییەوە ئیدانەی هێرشەكەی كرد و بە “ترسنۆكانە” ناویبرد.

وەزارەتەكە دەڵێت، وڵاتەكەی هاوشانی عێراق و گەلەكەی دەوەستێتەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەرجەم ئەو تیرۆرستانەی دەیانەوێت ڕێگری لە “گەڕانەوەی ڕۆڵ و كاریگەریی عێراق بكەن و زیان بە ئاسایش و سەقامگیرییەكەی بگەیەنن”.

توركیا داوای سزادانی بكەران دەكات
لە ڕاگەیەندراوێكدا كە وەزارەتی دەرەوەی توركیا بڵاویكردووەتەوە سەرەڕای سەركۆنەكردنی هێرشەكە تیایدا هاتووە، “هیواخوازین ئەنجامدەرانی ئەو پەلامارە ترسنۆكانەیە كە ئامانجی زیانگەیاندنە بە سەروەریی عێراق و سەقامگیرییەكەی، بەزووترین كات بناسرێنەوە و ڕووبەڕووی دادگا بكرێنەوە بەبێ لەبەرچاوگرتنی سەرچاوەی هێرشەكە”.

توركیا لەڕێگەی وەزارەتی دەرەوەیەوە جەختدەكاتەوە كە بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیكردنی گەل و دەوڵەتی عێراق “لە شەڕی دژ بە تیرۆردا”.

كوەیت: ئامانجی هەوڵەكە تەنها كازمی نییە.
وەزارەتی دەرەوەی كوەیت لە تویتێكدا سەرەڕای ئیدانە و ڕەتكردنەوەی هەوڵەكە دەڵێت، ئامانجی “هەوڵە تاوانكارییەكە” تەنها كازمی نییە، بەڵكو هەموو ئەو دەستكەوتانەیە كە عێراق و گەلەكەی لە یەكێتی و دەستكەوت لە سەرجەم ئاستەكانی دیكە بەدیهێناون.

متمانەی وڵاتەكەشی نیشاندەدات دەربارەی هۆشیاری عێراقییەكان لە بەرامبەر ئەوانەی دەیانەوێت زیان بە ئیرادەی نیشتمانیی و یەكێتییان بگەیەنن.

شانشین هاوشانە
وەزارەتی دەرەوەی شانشینی ئوردن لە ڕاگەیەنراوێكدا هاوهەڵوێستی شانشینی لەگەڵ كۆماری عێراق و گەلەكەی نیشاندەدات و پشتیوانی تەواو بۆ ئاسایش و سەقامگیرییەكەی و هەوڵەكانی حكومەتی عێراق لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و چەسپاندنی ڕێڕەوی دیموكراسی و پارێزگاری لە دەستكەوتە نیشتمانییەكان دەردەبڕێت.

ئەنجومەنی هاریكاریی كەنداو ئیدانەی دەكات
نایف فەلاح موبارەك، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی هاریكاری وڵاتانی كەنداوی عەرەبی هەوڵی هێرشەكە ئیدانەدەكات و بە توندی ئەم جۆرە “هێرشە تاوانكارییانە” رەتدەكاتەوە كە ئاسایش و سەقامگیریی عێراقی كردووەتەوە ئامانج.

نایف ئاسایشی عێراقی بە ئاسایشی وڵاتانی ئەنجومەنەكە ناوبرد و هاوكاری و هەماهەنگی بۆ عێراق و گەلی عێراق بۆ پارێزگاری لە ئاسایش و سەقامگیری و یەكێتی خاكەكەی نیشاندا.

لوبنان-یش هەڵوێستی خۆی دەربڕی
میشێل عۆن، سەرۆكی لوبنان هەوڵەكەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی سەر ماڵی مستەفا كازمی ئیدانە كرد.

عۆن ئاماژەی بەوەكرد، هەوڵەكە تەنها بەئامانجگرتنی كازمی نییە، بەڵكو بەئامانجگردنی سەقامگیری و ئاسایشی عێراق و ئەو هەوڵانەیە كە لە پێناو پتەوكردنی یەكێتیی نیشتمانیی عێراق و كاراكردنی ئابوریی نیشتمانی و فەراهەمكردنی ژیانێكی گونجاو بۆ گەلی عێراق دەدرێن.

ئێران بە “فیتنەیەكی نوێی خۆرئاوا” وەسفیدەكات
لە یەكەم كاردانەوەی بەرپرسانی ئێران لەبارەی هێرشەكە عەلی شەمخانی ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە تویتەرەوە هەڵوێستی خۆی بڵاوكردووەتەوە، هێرشەكەی بە “هەوڵی تیرۆركردنی سەرۆك وەزیرانی عێراق” وەسفكردووە، دەڵێت، “فیتنەیەكی نوێیە و پێویستە لە ناوەندەكانی بیركردنەوە بیانییەكاندا بەدوایدا بگەڕێیت، كە چەندین ساڵە لەڕێگەی دروستكردن و پشتگیریكردنی گروپە تیرۆریستییەكەن و داگیركردنی وڵاتەكەكە، جگە لە نەبوونی ئاسایش و ناكۆكی و نائارامی بۆ گەلی عێراقی ستەملێكراو، هیچی دیكەی نەهێناوە”.

ئەمریكا بە سەلامەتی كازمی خۆشحاڵە
هەر سەبارەت بەو هێرشە پێشتر نێد پرایس، وتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، هەستمان بە دڵخۆشی كرد كاتێك زانیمان سەرۆك وەزیران هیچ زیانێكی پێنەگەیشتووە. ئەمە كارێكی تیرۆرستیی ڕوونە، كە بە توندی ئیدانەی دەكەین، پارێزەری دەوڵەتی عێراقی كردووەتە ئامانج”.

پرایس وتیشی، ویلایەتە یەكگرتووەكان لە پەیوەندی بەهێزدایە لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی عێراق كە ڕاسپێردراون بە پارێزگاری لە سەروەری و سەربەخۆیی عێراق.

واشنتن ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ هاوكاریكردن لە لێكۆڵینەوەكانی تایبەت بە هێرشەكەدا، وتەبێژی دەرەوەی ئەمریكا وای وت.

هەوڵی لەناوبردنی كازمی
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرشێك بۆسەر ماڵی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەنجامدرا، كازمی بە سەلامەتی لە هێرشەكە ڕزگاری بوو.

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق ڕایگەیاند، هەوڵەكە كە ڕووبەڕووی سەرۆك وەزیرانی عێراق بووەتەوە لەڕێی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانە بووە، كە ویستراوە شوێنی مانەوەی لە ناوچەی سەوزی بەغداد بكرێتە ئامانج، بەبێ ئەوەی كازمی زیانی پێبگات.

بەپێی هەندێك لە سەرچاوەكان هێرشەكە لەڕێی دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بۆمبڕێژكراوەوە بووە.

بەشێك لە میدیا عێراقییەكان دەڵێن، لە هێرشەكەدا ژمارەیەك لە ئەندامانی تیمی پارێزگاری تایبەتی كازمی برینداربوون.

لە یەكەم لێدوانیدا پاش هەوڵەكە، كازمی لە تویتێكدا سەلامەتی خۆی ڕاگەیاند و داوای “هێوركردنەوەی و خۆكۆنتڕۆڵكردنی لە هەمووان كرد لەپێناو عێراق”.

بابەتی پێشتر

قوباد تاڵەبانی: ناكۆكییەكان وەلابنرێن و بەرژەوەندییەكانی گەل لەبەرچاوبگیرێن

بابەتی دواتر

کاردانەوە ناوخۆییەکانی هێرشەکەی سەر ماڵی کازمی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share