ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانی: ئەوەی پێیوایە دەستی هێزەكانمانی پێناگات خەیاڵپڵاوە

ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق

ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانی هێرشەكەی شەوی ڕابردوو بە بەئامانجگرتنێكی مەترسیداری دەوڵەتی عێراق ناودەبات و دەشڵێت، ئەوەی پێیوایە دەستی هێزەكانمانی پێناگات خەیاڵپڵاوە.

ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی بۆ تاوتوێكردنی هێرشەكەی شەوی ڕابردووی سەر ماڵی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران ئەنجامدا و لە ڕاگەیەندراوێكدا هێرشەكە بە “ترسنۆكانە” ناودەبات و دەڵێت، “بەئامانجگرتنێكی مەترسیداری دەوڵەتی عێراقە لەسەر دەستی گروپە چەكدارییە تاوانكارییەكان كە خۆكۆنتڕۆڵكردن و پیشەییبوونی باڵای هێزە ئەمنی و سەربازییەكانیان بە لاوازی خوێندەوە، بۆیە پێشێلكارییان بەرامبەر دەوڵەت و سیمبولەكانی ئەنجامدا و هەڕەشەی ڕوونیان لە فەرماندەی گشتی و هێزەكانمان كرد”.

دەشڵێت، هێزەكانیان بەڵێنیانداوە ئاسایشی عێراق و سەروەرییەكەی بپارێزێن لە بەرامبەر هەموو ئەوانەی ئالنگاری بەرامبەر دەوڵەت دەكەن، بە ئەركی نیشتمانی خۆیان هەڵدەستن لە شوێنكەوتنی هێرشكاران و ڕووبەڕووكردنەوەیان بە دادگا، وەك چۆن لە ساڵانی جەنگی سەر تیرۆر و سەركەوتن بەسەریدا ئەنجامیاندا.

ئەنجومەنەكە، كە كازمی سەرۆكایەتی دەكات، دوپاتیدەكاتەوە هێزە ئەمنییەكان كاردەكەن لەسەر ئاشكراكردنی ئەو لایەنانەی لەو كارە تیرۆرستییە تێوەگلاون و دەستگیریاندەكات و ڕادەستی دادگایان دەكات.

لە كۆتایشدا هاتووە، “ئەوەی پێیوایە دەستی هێزەكانمانی پێناگات خەیاڵپڵاوە، هیچ كەسێكی گەورە لەبەرامبەر یاسادا نییە، هیچ كەسێكیش گەورەتر نییە لە عێراق، سەركەوتن بۆ عێراق”.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرشێك بۆسەر ماڵی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەنجامدرا. شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی ڕایگەیاند، هەوڵەكە كە ڕووبەڕووی سەرۆك وەزیران بووەتەوە لەڕێی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانە بووە، كە ویستراوە شوێنی مانەوەی لە ناوچەی سەوزی بەغداد بكرێتە ئامانج، بەبێ ئەوەی كازمی زیانی پێبگات.

هێرشەكە لەڕێی دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بۆمبڕێژكراوەوە بووە و لە ئاكامیدا ژمارەیەك لە ئەندامانی تیمی پارێزگاری تایبەتی كازمی برینداربوون.

لە یەكەم لێدوانیدا پاش هەوڵەكە، كازمی لە تویتێكدا سەلامەتی خۆی ڕاگەیاند و داوای “هێوركردنەوەی و خۆكۆنتڕۆڵكردنی لە هەمووان كرد لەپێناو عێراق”.

بابەتی پێشتر

مالکی لەبارەی هێرشەكەی سەر ماڵی كازمی: ڕەتیدەکەینەوە و هێمنی بپارێزرێت

بابەتی دواتر

توركیا: هێرشەكەی سەر ماڵی كازمی تیرۆریستییە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share