هەڵوێستی عەبادی و حەكیم لەبارەی هێرشەكەی سەر كازمی

وێنەی كۆبوونەوەیەكی پێشووتری عەبادی و حەكیم

حەیدەر عەبادی و عەممار حەكیم سەركۆنەی هێرشی سەر مستەفا كازمی دەكەن، عەبادی بە “گوماناوی” وەسفیدەكات و حەكیمیش پێی وایە دۆخەكە كۆنترۆڵنەكرێت ڕووداوی خراپتر ڕوودەدەن.

حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانیی نەسر  لە تویتێكدا سەركۆنەی هێرشەكەی سەر مستەفا كازمی دەكات و بە “گوماناوی” وەسفیدەكات، داوای “وریاییش دەكات لە تێكەڵكردنی وەرەقەكان”.

عەبادی دەشڵێت، “دوێنێ كوشتنی خۆپیشاندەرانی ئاشتییانە، ئەمرۆش بەئامانجگرتنی سەرۆك وەزیران، ئێمە لە مەیدانی جەنگدا نین بەریزان!! قۆناغەكە هەستیارە و چاوكراوەیی و دانبەخۆداگرتن گرنگە، گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن و پێكەوەیی بوونەتە پرسی بێئەملاولای دەوڵەت”.

لای خۆیەوە عەممار حەكیم جگە لە سەركۆنەكردنی هێرشەكە، پێی وایە بەئامانجگرتنی ماڵی كازمی  بۆی هەیە دۆخەكە ئاڵۆزتر بكات و هەیبەتی دەوڵەت بخاتە مەترسییەوە، زیان بە ناوبانگی عێراق بگەیەنێت لەبەردەم ڕایگشتیی جیهانی.

حەكیم بەئامانجگرتنی سەرۆكی بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێكردن بە “پێشهاتێكی مەترسیدار و زەنگ بۆ ڕووداوی مەترسیدارتر” وەسفدەكات، “ئەگەر ئاقڵمەندان و خاوەنبڕیارەكان لێكەوتەكانی كۆنترۆڵنەكەن”.

تا ئێستا لە لایەنە شیعییەكان، جگە لە موقتەدا سەدر، حەیدەر عەبادی و عەممار حەكیم، هیچ لایەنێكی دیكەی شیعی كاردانەوەی بەرامبەر بە هێرشكردنە سەر ماڵەكەی مستەفا كازمی نەبووە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share