ڤیم فاوندەیشن کەمپەینێک بۆ پیشاندانی ئازارەکانی ژنانی قوربانی بەبیانووی شەرەف ڕێكدەخات

دامەزراوەی ڤیم (VIM Foundation) ئەمڕۆ شەممە کەمپەینێکی بەناوی “کەمپەینی ژیان” ڕاگەیاند کە چەند چالاکییەک لەخۆدەگرێت و کۆی چالاکییەکان تایبەتن بە پیشاندانی ئازارەکانی ئەو ژنانەی بەبیانووی شەرەف کوژراون و بوونەتە قوربانی.

لەبارەی کەمپەینەکەوە شنیار فایەق بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی دامەزراوەی ڤیم بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “کەمپەینەکە لە چوار چالاکی پێکدێت سەرجەمیان ئازارەکانی ئەو ژنانە دەخەنەڕوو کە بەبیانووی شەرەف کوژراون یان توندوتیژییان بەرامبەر کراوە”.

یەکێک لە چالاکییەکان کردنەوەی پێشانگایەکی هونەرییە کە لەڕێگەیەوە چیرۆکی 15 ژن دەگێڕێتەوە، حەوت لەو ژنانە لەژیاندا نەماون و بەبیانووی شەرەف کوژراون، هەشتی دیکەیان لەژیاندا ماون و توندوتیژییان بەرامبەر کراوە.

کەمپەینەکە پانێڵێکیش بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە ژنانی قوربانی بەبیانووی شەرەف لەخۆدەگرێت، بەپێی وتەی شنیار فایەق، مەبەستیانە لەوڕێگەیەوە لایەنە پەیوەندیدارەکان بهێننە سەرخەت بۆ کەمکردنەوەی ئەو دیاردەیە.

بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی ڤیم فاوندەیشن وتی، ئەم پڕۆژەیە درێژخایەنە و تەنها ئەمڕۆ نییە و پڕۆژەیەکی درێژخایەن دەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە بەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا.

“کەمپەینی ژیان” دوو چالاکیی دیکە لەخۆدەگرێت کە یەکێکیان پیشاندانی بەڵگەفیلمێکە لەبارەی گۆڕستانی بێناوەکان کە تایبەتە بەو ژنانەی بەبیانووی شەرەف دەکوژرێن و گۆڕی نەناسراو و بێناون، دوایین چالاکیش سەوزکردنی ئەو گۆڕستانە دەبێت لەلایەن دامەزراوەکەوە.

بابەتی پێشتر

پلانی لاپۆرتا بۆ بەهێزبوونی بەرشلۆنە

بابەتی دواتر

جیاكردنەوەی دەنگەكانی كەركوك و سێ پارێزگای دیكە ئەنجامدەدرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share