لەوكاتەی پشێوی و ئاژاوە فڕۆكەخانەی كابول-ی گرتبووەوە كاتێك گواستنەوە بۆ هاریكارانی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان دەكرا، میزا عەلی ئەحمەدی، منداڵە ساواكەی ڕادەستی سەربازێكی ئەمریكی كرد بەوهیوایەی سەلامەتبوونی دەستەبەربكات، بەڵام شوێنی ساواكە تائێستا نادیارە، وەك ئەوەی ئاژانسی ڕۆیتەرز باسیدەكات.
میرزا و سورەییا-ی هاوسەری و پێنج منداڵەكەیان لە 19ی ئاب لە دۆخێكدا بوون كە ناچاربن سوهەیل-ی ساوا كە ئەوكات تەمەن دوو مانگ دەبوو بدەنە دەست سەربازێكی ئەمریكی كە لەسەر دیواربەندی فڕۆكەخانەی كابول و لە نزیك ئەوانەوە بوو.
بەهۆی ترس لەژێركەوتنی لە ئاكامی ئەو پاڵەپەستۆیەی لە ئارادابوو سوهەیل ڕادەستی سەربازەكە كرا، باوەڕیان وابوو بەزوویی دەگەنە دەروازەكە و جارێكی دیكە لە سەربازەكەی وەردەگرنەوە، بەڵام ئەو كارە زیاتر لە نیو كاتژمێری خایاند، دوای چوونەژوورەوەیان سوهەیل لەهیچ شوێنێك بوونی نەبوو.
میرزا، كە وەك پاسەوان لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا بۆماوەی 10 ساڵ كاریكردووە، دەستیكرد بە پرسیار لەهەر بەرپرسێك كە دەیبینی لەبارەی شوێنی منداڵەكەی، بەڵام تەنانەت دوای ئەوەی پلەدارێك شوێنی تایبەت بە منداڵانی پێ نیشاندا سوهەیل-ی نەدۆزییەوە.
پاش پرسیاركردن لە زیاتر لە 20 كەس، یەكێك لە بەرپرسان پێیوت پێدەچێت منداڵەكەی گواسترابێتەوە بەهۆی نەبوونی ماددەی پێویست بۆ هێشتنەوەی منداڵان لە فڕۆكەخانە.
دواتر میرزا (35 ساڵ) و سورەییا (32 ساڵ) بە یاوەڕیی منداڵەكانیان گواسترانەوە بۆ قەتەڕ و دواتر ئەڵمانیا بەر لەوەی بگواسترێنەوە بۆ ویلایەتی تەكساس لە ئەمریكا.
میرزا وتی، خێزانی دیكەی بینیوە كە منداڵەكانیان لە فڕۆكەخانە داوەتە سەربازان.
كۆمەڵەی پشتیوانیی پەنابەرانی ئەفغانی بانگەوازێكیان بەناونیشانی (منداڵێكی وونبوو) بڵاوكردووەتەوە و تیایدا وێنەیەكی سوهەیل هەیە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوكراوەتەوە بەهیوای ئەوەی كەسێك بیناسێتەوە و بدۆزرێتەوە.
بەرپرسێكی حكومیی ئەمریكی ئاگادار لە دۆخەكە دەڵێت، سەرجەم ئاژانسە پەیوەندیدارەكان ئاگاداركراونەتەوە لەنێویشیدا بنكە ئەمریكییەكان، بەپێی وتەی بەرپرسەكە دواجار منداڵەكە لەكاتی ڕادەستكردنی بە سەربازە ئەمریكییەكە لەكاتی دۆخە دژوارەكەی كابوڵ بینراوە “بەڵام بەداخەوە كەس نازانێت ئێستا لە كوێیە”.
پاش كۆنتڕۆڵكردنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، هێزەكانی ئەمریكا پردێكی پەڕینەوەی ئاسمانی بۆ كەسانی بیانی و ئەو ئەفغانییانە كردەوە كە ترس هەبوو ڕووبەڕووی هێرش و پەلاماری چەكدارانی بزوتنەوەكە ببنەوە. لەم دۆخەدا خێزانەكەی سوهەیل دەربازیان بوون، بەڵام چارەنووسی خۆی بەنادیاری ماوەتەوە.