ڕێژەی وەرگرتنی دەرچووان كرایە 90% و دەگەیەنرێتە 100%

وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان دوایین ئەنجامەکانی وەرگرتنی دەرچووانی 12ی ئامادەیی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، “ڕێژەی وەرگیران بۆ 90% بەرزکراوەتەوە و دەگەیەنرێتە 100%”.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا د.ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، ئەو گرفتەی دروستبوو لە وەرگرتنی دەرچووان، لەسەر بنەمای پلانی وەرگرتنی زانکۆکان بووە، کە ئەویش بەپێی توانای وەرگرتنی زانکۆکان دانراوە.

وەزیری خوێندنی باڵا باسی لە دوایین گۆڕانکارییەکانی پلانی وەرگرتنی دەرچووان کرد و ڕایگەیاند، پلانی ساڵی ڕابردوویان بەپێی نمرەی ئەمساڵ جێبەجێکردووە بۆ وەرگرتنی خوێندکاران.

لای خۆیەوە د. خەتاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، سەبارەت بە گۆڕانکارییەکان لە وەرگرتنی دەرچوواندا، سەرجەم داتاکانی خستەڕوو و بەوپێیە، لە پلانی وەرگرتندا 56 هەزار و 804 کورسی خوێندن دابینکراوە، لەمساڵدا و دوای پێداچوونەوەكان، ژمارەی دەرچووانی وەرگیراو گەیشتووەتە 47 هەزار و 746 دەرچوو، واتە چوار هەزار و 469 دەرچووی نوێ وەرگیراون، بەمەش ڕێژەی وەرگرتنی دەرچووانی 12ی ئامادەیی بۆ 90% بەرزبووەتەوە.

دکتۆر خەتاب دڵنیاییدا بەو 10%ــیەی دیكەی خوێندکاران کە وەرنەگیراون، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا شوێنیان دەبێت و وەردەگیرێن، بەمەش ڕێژەی وەرگرتن دەبێتە 100%.

ئاماژەی بەوەشکردووە، وەرگرتن تەنها لە خوێندنی خۆڕایی بەرزکراوەتەوە، لە خوێندنی پارالێڵ و ئێواران کەمکراوەتەوە، یان لەهەندێک بەش وەک خۆی ماوەتەوە.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ڕێژەی وەرگرتن لە خوێندنی خۆڕایی بۆ 65.5% بەرزکراوەتەوە، ڕێژەی خوێندنی ئێواران لە 17%وە کەمکراوەتەوە بۆ 14.8%، هەروەها خوێندنی پارالێڵ کەمکراوەتەوە بۆ 19.8%.

د. خەتاب جەختیکردەوە، سەرجەم ئەو خوێندکارانەی گۆڕانکاری لە شوێنی وەرگرتنیان کراوە، بەشەکانیان بەرزکراوەتەوە.

هەر خوێندکارێکیش دوای ئەوەی ناوی لە سیستمی ئۆنلایندا دەدۆزێتەوە کە لە چ کۆلێژ و بەشێک وەرگیراوە، دەچێتە زانکۆکەی و بەپێی سیستمی تایبەت وەردەگیرێت، ئەو دەرچووەشی ناوی نەهاتووەتەوە ،داتاکانیان دەنێردرێتە زانکۆکان و شوێنیان بۆ دیاریدەکرێت.

بابەتی پێشتر

کەشناسی: کۆتایی هەفتە ئەو شەپۆلەی ڕووی لە ناوچەکەمان کردووە کۆتاییدێت

بابەتی دواتر

سەڵاحەدین بەهادین و بەرهەم ساڵح لەبارەی کۆچبەرانی بیلاڕوسیاوە قسەیانكرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share