وەزارەتی تەندروستی: لەو نەخۆشخانەیەی ئازاری منداڵە ساواكە درا چەند سەرپێچییەكی دیكە كراوە

وەزارەتی تەندروستیی هەرێم رایدەگەیەنێت، لەلایەن ئەو نەخۆشخانەیەی ئازار و پێشێلكاری بەرامبەر منداڵێكی تازە لەدایكبوو كرا هەوڵ بۆ شێواندنی راستییەكان دەدرێت، چەند پێشێلكارییەكی دیكەی نەخۆشخانەكەش ئاشكرادەكات.

وەزارەتی تەندروستی لە روونكردنەوەیەكدا دەڵێت، سەبارەت بە ئازاردان و پێشێلكردنی مافی منداڵێكی تازە لەدایكبوو دوور لە هەموو رەوشتێكی پزیشكی و یاسایی و زانستی، وەزارەتی تەندروستی چەندین رێكار و سزای یاسایی گرتۆتەبەر، بەڵام بەداخەوە لەلایەن نەخۆشخانەكەوە هەوڵدراوە بۆ شێواندنی راستیەکان و پاساوهێنانەوە بۆ ئەم دیاردە قێزەونە.

دەقی روونكردنەوەكە:

ڕوونكردنەوەیەك بۆ ڕای گشتی …

لە پرێس كۆنفرانسێكی دوێنێ دا سە بارەت بە ئازاردان و پێشێلكردنی منداڵێكی تازە لە دایكبوو دوور لە هەموو ڕەوشتێكی پزیشكی و یاسایی و زانستی، وەزارەتی تەندروستی چەندین ڕێكار و سزای یاسایی گرتۆتە بەر، بەڵام بەداخەوە لەلایەن نەخۆشخانەكە هەوڵ دراوە بۆ شێواندنی ڕاستیەکان و پاساو هێنانەوە بۆ ئەم دیاردە قێزەوەنە و بەردەوامی سەرپێچی و كاری نایاسایی هەیە بەوەی هەوڵ دەدرێت ڕای گشتی و پرۆسەی لێكۆڵینەوە بەلارێدا ببرێت و بشێوێندرێت لەجیاتی ملكەچ بوون بۆ یاسا و داوای لێبووردن كردن بەرامبەر ئەو دیاردەیەی ناخی هەموو کۆمەڵگای هەژاند کە دەبێتە هۆکاری لاوازکردنی متمانەی هاوڵاتیان.

دروستکردنی لێژنەی لێکۆڵینەوە کاری نەخۆشخانی ناوبراو نیە بەڵکو بەیاسای مافی نەخۆش ژمارە 4 ی ساڵی 2020 و پەیڕەوی لێکۆڵینەوەی کارپێکراو لێکۆڵینەوە کردن تەنها کاری وەزارەتی تەندروستیە بەئامادەبوونی دادوەر و نوێنەری داواکاری گشتی.

بەڕێزێک بەناوی سەرپەرشتیار قسەدەكات لەكاتێكدا ئەو بەڕێزە سەرپەرشتیار نیە بەفەرمی و هیچ سیفەتێکی بەڕێوەبردنی نیە، تەنانەت ڕێگەپێدراویش نیە لە لیستی وەزارەتی تەندروستی بۆ ئەم نەخۆشخانەیە و هیچ پەیوەندیەکی فەرمی نیە و كارمەندەكانیش ناویان لە لیستی ڕێگە پێدراوی فەرمی نییە بۆ كاركردن لەم نەخۆشخانەیە وە ئەو بەڕێزەی بەناوی نەخۆشخانە قسەدەكات تەواو نایاساییە، چونكە پزیشكی نیشتەجێی دێرینە و پسپۆڕ نیە بەڵکو لەژێر ڕاهێنان و مەشقكردن دایە و بۆی نییە بەناوی نەخۆشخانە قسە بكات.

بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتی تەندروستی جەخت لەسەر بەردەوامی ڕێکارەکان دەکاتەوە و لیژنەی لێكۆڵینەوە لەسەر ئەم دۆسیەیە دادەنرێت ڕێکاری یاسایی وەردەگیرێت لەپێناو پاراستنی مافی نەخۆش و گەیاندنی ڕاستییەكان بە هاووڵاتیان.

وەزارەتی تەندروستی
حکومەتی هەرێمی کوردستان
21 ئاب 2023

بابەتی پێشتر

بە چەند هەنگاوێك خۆت لە پەتای سكچوون و رشانەوە بپارێزە

بابەتی دواتر

وەزارەتی تەندروستیی عێراق روونکردنەوە لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئیریس دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share