مۆز كێشە دەخاتە نێوان تورك و سورییەكانەوە و دووەمیان سنوورداش دەكرێن

“ڤیدیۆی مۆز” حەوت سوری لەلایەن توركیاوە سنوورداشی وڵاتەكەیان دەكاتەوە، توركەكان ئەو ڕەفتارەی سورییەكان بە “سووكایەتیكردن بە پیرۆزییەكان”یان دەبینن و شەپۆلی ڕقلێبوونەوەی توركەكان لە ئاوارەكانی سوریا گەیشتووەتە ترۆپك.

ماوەی چەند ڕۆژێكە حكومەتی توركیا حەوت ئاوارەی سوری دەستبەسەركردووە و بەڕێوەبەرایەتیی كۆچ لە وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە دەڵێت، ڕێوشوێنەكانی سنوورداشكردن و گەڕاندنەوەیانی بۆ وڵاتەكەیان دەستپێكردووە، هۆكارەكەشی بڵاوكردنەوەی “ڤیدیۆی مۆز”ـە.

بابەتی “ڤیدیۆی مۆز” چییە؟

چەند ڕۆژێك لەمەوبەر، یوتیوبەرێكی تورك ڤیدیۆیەكی بڵاوكردەوە، تیایدا كچێكی ئاوارەی سوری لە توركیا لەگەڵ ژن و پیاوێكی بەساڵاچووی توركدا مشتومڕیانە، توركەكان گلەیی ئەوە دەكەن كە ئاوارەكانی سوریا بوونەتە بار بەسەر ئابوریی توركیاوە. پیاوە بەساڵاچووەكە گلەیی دەكات بەوەی هاتنی ئاوارە سورییەكان، كارێكی كردووە كە ئەو نەتوانێت كرێخانووەكەی بدات و تەنانەت ڤاكسینی دژەكۆرۆنای لەدەستداوە.

پیاوە بەساڵاچووەكە دەڵێت، “من ناتوانم مۆز بخۆم، كەچی ئێوەی سوری لە بازاڕ بە كیلۆ مۆز دەكڕن”. ژنە توركەكە بە تووڕەییەوە بە كچە سورییەكە دەڵێت، “ئێوە لە ئارایشتگەكان نایەنە دەرەوە، بەڵام من لەمێژە ئارایشتگەم نەبینیوە.. حكومەتی توركیا پارە بە ئێوە دەدات، بەڵام كچەكەی من پێنج ساڵە بەشی زمانی ئینگلیزی تەواوكردووە و دانەمەزراوە”.

دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆكە، چەندین سوری لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا ڤیدیۆی مۆزخواردنی خۆیان بڵاوكردەوە و وەك تانە و گاڵتەپێكردن بەو توركانە باس لە بابەتەكە دەكەن.

ڤیدیۆكان ناڕەزایی توندی توركەكانیان لێكەوتووەتەوە و كار گەیشتووە بەوەی حكومەت هاتووەتەدەنگ و بەداوی ئەو كەسە سورییانەدا دەگەڕێت كە لە توركیان و ڤیدیۆ و وێنەی گاڵتەئامێز لەبارەی بابەتەكەوە بڵاودەكەنەوە.

كاردانەوەكانی حكومەتی توركیا، لەلایەن زۆرێك لە توركەكان و بەشێك لە ئاوارە و گەشتیارە سورییەكانەوە پشتیوانیدەكرێن، بەڵام بەشێكی تر پێیانوایە ڕێوشوێنەكانی حكومەت و بەتایبەت دەركردنی سورییەكان و گەڕاندنەوەیان بۆ وڵاتەكەیان كارێكی نادادپەروەرانەیە، چونكە وەخۆیان دەڵێن، “ئەو ڕەفتارەی سورییەكان بەبێ هۆكار نییە، بەڵكو پەرچەكرداری ئەو هەڵمەتی ڕقلێبوونەوە و تووڕەییەیە، كە توركەكان لەبەرامبەر ئاوارە سورییەكاندا بەرپایانكردووە”.

بابەتی پێشتر

بۆ یەکەمجار پاسپۆرتی ڕەگەزی سێیەم دەرکرا

بابەتی دواتر

یەکگرتووی ئیسلامی: بەشداریی حکومەتی داهاتووی عێراق ناکەین

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی.. میدیاكانی ئێران باس لە سەركەوتنی ڕەئیسی دەكەن

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەرگای ناوەندەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران دوای 19 کاتژمێر لە كردنەوەیان، داخران، چاودێرانی هەڵبژاردنەکان دەڵێن،…
Total
0
Share