بۆچی ئێران و ئازەربایجان چاو لەیەکتر سوور دەکەنەوە؟

ماوەی مانگێکە ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئازەربایجان گەیشتووەتە لوتکە و لەم چەند ڕۆژەی کۆتاییدا گەیشتووەتە ئاستێک بە تۆپ و تانک و تەیارە چاو لەیەکدی سووردەکەنەوە.

ڕۆژی 12ی مانگی ڕابردوو ئازەربایجان و پاکستان و تورکیا مانۆڕێکی سەربازیی هاوبەشیان ئەنجامدا، ئەو مانۆڕە بۆ ئێران وەک هەڕەشە و مەترسی هەستیپێکرا و بەبێ ئامادەکاری تەواو سوپای پاسداران بڕیاریدا لە سنورەکانی ئازەربایجان مانۆڕی سەربازی ئەنجام بدات.

گرژییەکان لەکوێوە سەرچاوە دەگرن؟

سێ بابەتی سەرەکی پەیوەندی نێوان ئازەربایجان و ئێرانی ئاڵۆزکردووە، یەکەم پرسی نزیکی ئیسرائیلە لە ئازەربایجانەوە و دووەم دەستگیرکردنی چەند شۆفێرێکی بارهەڵگری ئێرانی لەلایەن ئازەربایجانەوە و سێیەم پرسی سنوور.

لەگەڵ بەردەوامی ئاڵۆزییەکاندا دوێنێ جۆرج دیک، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئازەربایجان ڤیدیۆیەکی لەبەردەم کەنیسەیەکی کۆندا لە ئازەربایجان بڵاوکردەوە و باسی ڕیشەی مێژووی ئاینەکان کرد لە ئازەربایجان و ڕەخنەی لە ئێران گرت کە مافی کەمە نەتەوەیی و ئایینییەکان نادات.

دوای ڤیدیۆکەی باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئازەربایجان، باڵیۆزخانەی ئێران لەو وڵاتە وەڵامی جۆرج دیکی دایەوە و ڕایگەیاند، “بەرنامەی ئیسرائیل بۆ ناوچەکە جێبەجێناکرێت و تەنها ئاڵۆزی دەنێتەوە”.

یەکێکی دیکە لە هۆکاری ئاڵۆزییەکانی نێوان ئازەربایجان و ئێران، دەستگیرکردنی دوو شۆفێری ئێرانی بوو لەلایەن ئازەربایجانەوە، هاوکات بەرزکردنەوەی باج لەو سنورانەی پێشتر بەدەست حکومەتی ئەرمینیاوە بوو، بەڵام لەشەڕی ئەمدواییەی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان کەوتەدەست ئازەربایجان.

ئێران وەک پێش شەڕی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان مامەڵەی لەگەڵ ئەو سنورانەدا دەکرد، بەڵام ئازەربایجان ڕایگەیاندووە، “ئەو سنورانە گەڕاونەتەوە و دەبێت ئێران ڕێز لەو بڕیارە بگرێت”.

نیشاندانی هێزی سەربازی بەرامبەر یەکتر

لە  ڕۆژی 12ی مانگی ڕابردوودا ئازەربایجان و پاکستان و تورکیا مانۆڕێکی سەربازییان ئەنجامدا و بووە هۆی بێزارکردنی ئێران، چونکە بەشێک لە مانۆڕەکە لە ئاوی خەزەردا ئەنجامدرا، کە بەشێک لە دەریاکە سنوری ئێرانە.

وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان لەبارەی مانۆڕە هاوبەشەکەوە ڕایگەیاندبوو، “مانۆڕی سەربازی (دۆستی سێ برا) ماوەی هەفتەیەک بەردەوام دەبێت و تێیدا ئازەربایجان و پاکستان و تورکیا دۆستایەتی خۆیان دوپاتدەکەنەوە.

دوێنێ ئەرتەشی ئێران لەسەر سنوری نێوان ئەو وڵاتە و ئازەربایجان مانۆڕێکی سەربازی ئەنجامدا، “کیمەرس حەیدەری” فەرماندەی زەمینی ئەرتەشی ئێران لەبارەی مانۆڕەکەوە ڕایگەیاند، “بۆ وەڵامدانەوەی هەندێک پێشهات، پێویست بوو لەم شوێنەدا توانای خۆمان نیشان بدەین”.

وتەکانی ئەو بەرپرسەی ئەرتەشی ئێران دوای ئەوەدێت، کە ئیلهام عەلی ئیف، سەرۆک کۆماری ئازەربایجان، ڕایگەیاندبوو “هەڵسوکەوتی ئێران سەبارەت سنورەکان جێگای نیگەرانییە و دەبێت ئەوە بزانرێت ئەو سنورانە وەک جاران نەماون”.

مێژووی ئاڵۆزییەکانی ئەو سنورانە

سنورەکانی ئێران لەگەڵ ناوچەی قەوقز، ماوەی زیاتر لە سەدەیەکە سنورێکی ئارام نییە، چونکە لەسەردەمی فراوانخوازییەکانی یەکێتی سۆڤییەتەوە تا شەڕی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا لە ماوەی زیاتر 30 ساڵی ڕابردوودا.

لە ساڵی 1941 دا بەریتانیا و یەکێتی سۆڤییەت خاکی ئێرانیان کۆنترۆڵکرد، یەکێتی سۆڤییەت لە سنورەکانی ئێستای ئێران و ئازەربایجانەوە چووە ناو خاکی ئێرانەوە و تەبرێز و ئەردەبیل و بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی داگیرکرد، دواتریش دوو حکومەتی سەربەخۆی بۆ ئازەرییەکان و کوردەکان دروستکرد.

دوای کشانەوەی یەکێتی سۆڤییەت ئەو ناوچەیە جارێکی دیکە کەوتەوە بەر چنگی توندوتیژییەکان و سنورەکە نائارام بوویەوە.

دواتریش لە ساڵی 1988 جارێکی دیکە ئەو سنورانە نائارام بوونەوە، بەهۆی هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا، تا ساڵی 1994 دواتریش ساڵی ڕابردوو جەنگ دەستیپێکردەوە و بەشێک لە خاکی ئەرمینیا کەوتەوە دەست ئازەربایجان.

بابەتی پێشتر

پێشنیازەكانی عەبدوللـەتیف سەلەفی بۆ مەسرور بارزانی چیبوون؟

بابەتی دواتر

دۆرتمۆند 2-1 ئاوگسبۆرگ

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share