وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دڵنیایی دەداتە ئەو دەرچووانەی 99یان هێناوە لە پزیشكیی گشتی وەرنەگیراون، دەڵێت، كێشەكەیان چارەسەر دەكرێت، دان بەوەشدا دەنێت كە لە دهۆک هیچ کێشەیەك لە وەرگرتن نەبووە “خوێندکار هەیە بە 98ــەوە وەرگیراوە”.
د. ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حكومەتی هەرێمی کوردستان لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، 50 بۆ 60 دەرچوو نمرەی 90یان هەیە و لە پزیشكیی گشتی وەرنەگیراون، بەڵام 99.1 لە هەولێر، گەرمیان و کۆیە وەرگیراوە، بۆیە دڵنیایی دا لەوەی كێشەی ئەو خوێندكارانە چارەسەردەكەن.
وەزیری خوێندنی باڵا نەیشاردەوە كە لە پارێزگای دهۆك ئەو كێشەی وەرنەگرتنە ڕووینەداوە، وتی، “لە دهۆک هیچ کێشەمان نییە و لەوێ خوێندکار هەیە بە 98 وەرگیراوە”.
لە لێدوانێكی تایبەتیشدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، د. ئارام محەمەد لەبارەی وەرنەگرتنی ئەو خوێندكارانە لە كۆلێژی پزیشكی، بەشێكی هۆكارەكەی گەڕاندەوە بۆ ئەو پلانەی كۆلێژی پزیشكیی زانكۆكان ناردوویانە، “چونكە ئەوانیش دیدی خۆیان هەیە و بەرمەبنای لێكۆڵینەوەكانی خۆیان پلان دادەرێژن”.
دڵنیایی دا لەوەی چەند ڕۆژی داهاتوو ئەنجومەنی زانكۆكان ڕای خۆیان لەوبارەیەوە دەنێرنە وەزارەت و “منیش ڕاكانیان دەبەمە ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا”، دڵنیاییشی دا بە خوێندكاران كە داكۆكیكاری داواكارییەكانیان دەبێت.
بەڵام وەزیری خوێندنی باڵا هۆشداریی دا لەوەی “كێشەكە بەمە كۆتایی نایەت، ئەمساڵ ڕەنگە بە پینە و پەڕۆ بتوانین چارەسەری بكەین، بەڵام ساڵانی داهاتوو پێویستمان بەوەیە ڕیفۆرمی جددی و قووڵ لە خوێندنی بنەڕەتی و خوێندنی باڵادا ئەنجامبدەین بۆ ئەوەی ڕووبوڕووی ئەم كێشانە نەبینەوە”.