ئەمڕۆ فڕۆكەخانەی خەرتوم-ی پایتەختی سودان دەخرێتەوە كار، پاش بڕیاری هەڵپەساردنی سەرجەم گەشتەكان تا كۆتایی ئەم مانگە، لە ئاكامی كودەتای هێزە سەربازییەكانی وڵات بەسەر حكومەتدا.
ئیبراهیم عەدلان، بەڕێوەبەری فڕۆكەوانیی مەدەنی سودان فڕۆكەخانە لە كاتژمێر 16:00 بە كاتی ناوخۆیی ئەو وڵاتە دەست بەكاركردن دەكاتەوە.
بڕیارەكە لەكاتێكدایە خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە شەقامەكانی پایتەختی سودان درێژەی هەیە دژ بە بڕیارەكانی عەبدولفەتاح بورهان، فەرماندەی سوپا كە هاوبەشە مەدەنییەكانی لە دەسەڵات دوورخستەوە و بەهۆیەوە وڵاتەكە بە قۆناغی ڕاگوزەردا تێپەڕدەبێت.
لەو چێوەیەدا هێزە ئەمنییەكانی سودان سێ كەسایەتیی سیاسیی دیار لەوانەی داخوازیی دیموكراسییەتیان بەرزكردووەتەوە، دەستگیركرد.
ئەوەش بە چەند كاتژمێرێك دێت پاش ئازادكردنی عەبدوڵا حەمدۆك، سەرۆك وەزیران و هاوسەرەكەی و ڕێگەپێدانیان بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵەكەیان.