خۆڤاكسینكردنی مامۆستایان لە گەرمیان كرایە ناچاری

بەمەبەستی ڕێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتای كۆرۆنا، ژووری ئۆپەراسیۆنی ئیدارەی گەرمیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆبووەوە و چەند بڕیارێكی دەركرد.

بەپێی بڕیارەكان، سەرجەم مامۆستایانی (پەروەردە و خوێندنی باڵا) و خوێندكارانی سەروو (18) ساڵ پابەنددەكرێن بە وەرگرتنی ڤاكسین، بەستنی ماسكیش بۆ زۆربەی توێژ و شوێنەكان كراوەتە ناچاری.

بڕیارەكانی ژووری ئۆپەراسیۆنی ئیدارەی گەرمیان:

1. جەختكردنەوە لە جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی بەیانی ژمارە (31)ی وەزارەتی ناوخۆ تایبەت بە ڕێكاری نوێی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ ئەو مەبەستە.

2. لە سەرجەم دامودەزگاكانی حكومەت و ناوەندەكانی خوێندن و كەرتی تایبەت و شوێنە داخراوەكان، هاوڵاتییان پابەندبكرێن بە بەستنی ماسك و گرتنەبەری ڕێكارەكانی خۆپارێزی.

3. سەرجەم مامۆستایانی (پەروەردە و خوێندنی باڵا) و خوێندكارانی سەرووی (18) ساڵ لە سنووری ئیدارەی گەرمیان پابەنددەكرێن بە وەرگرتنی ڤاكسین تا بەرواری (2021/12/1).

4. گرتنەبەری ڕێكاری پێویست بۆ وەرگرتنی ڤاكسین لەلایەن فەرمانبەران و كارمەندانی ئەمنی، كارمەندان و كرێكارانی كەرتی تایبەتیش پێویستە ڤاكسین وەربگرن، بۆ ئەو مەبەستە لیژنە هابەشەكانی قایمقامیەتەكان بەدواداچوون دەكەن و ڕێكارەكان دەگرنەبەر.

5. دانانی پرسە لە هۆڵەكان و گەڕەكەكان بە دانانی خێمە، بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە و هەر هاوڵاتیەك پابەندنەبێت ڕێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

6. سەرجەم شۆفێر و سەرنشینی هێڵەكانی گواستنەوە و تاكسی، پابەنددەكرێن بە بەستنی ماسك، بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەكی هاوبەشی هاتوچۆ و گواستنەوە ڕێوشوێنی پێویست دەگرنەبەر.

7. چڕكردنەوەی ڕێكارەكانی خۆپارێزی لە مزگەوتەكاندا و پێویستە مامۆستایانی ئاینی و نوێژخوێنان پابەندبن بە گرتنەبەری ڕێنماییە تەندروستی و خۆپارێزیەكان، بەپێچەوانەوە ڕێكاری پێوستیان لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

8. بەبێ وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا و تێستی (pcr) ڕێگە بەهیچ كۆڕ و كۆبوونەوەیەك نادرێت، بەپێچەوانەوە ڕێكاری پێویست بەرامبەر ڕێكخەرانی كۆبوونەوەكان دەگیرێتەبەر بەپێی یاسای تەندروستیی گشتی.

9. ژووری ئۆپەراسیۆنی ئیدارەی گەرمیان دەسەڵات دەداتە قایمقامیەتی قەزاكان بۆ گرتنەبەری ڕێكاری پێویست بۆ جێبەجێكردنی ناوەرۆِكی ئەم ڕاگەیەندراوە.

بابەتی پێشتر

سودان.. فڕۆكەخانەی خەرتوم دەكەوێتەوە كار و ناڕەزایەتییەكان بەردەوامن

بابەتی دواتر

حزبی کۆمۆنیستی چین.. گەورەترین ئەنجومەنی نهێنی لە جیهاندا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share