تێلسکۆپێکی گەورە هابڵ تێدەپەڕێنێت.. بەنرخترین دیاریی ساڵی نوێ

گەورەترین دیاری کە زانایانی گەردوونناسی بەبۆنەی یادەکانی ساڵی نوێوە پێشکەشی مرۆڤایەتی دەکەن، گەورەترین تێلسکۆپە کە دوای دوو مانگ ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان دەکرێت.

تێلسکۆپی James Webb Space Telescope بڕیارە لە 18ی کانونی یەکەمدا ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان بکرێت و تێلسکۆپی بەناوبانگی هابڵ تێدەپەڕێنێت، تێلسکۆپەکە سێ ئاژانسی بۆشایی ئاسمان کاریان تیاداکردووە، تێچووەکەی 10 ملیار دۆلار بووە و 25 ساڵی پێچووە تاوەکو دروستکراوە و پارچەکانی کۆکراونەتەوە، تێلسکۆپەکە دەتوانێت مەودایەکی بینین بە مرۆڤایەتی ببەخشێت کە پێشتر تەنها لە خەون و فیلمەکاندا بینراوە.

ناوی تێلسکۆپەکە لە ناوی (James Edwin Webb) دووەم بەڕێوەبەری ئاژانسی ناساوە وەرگیراوە کە لە ساڵانی 1961 بۆ 1968 بەڕێوەبەر بووە، لە ساڵی 1996 لەتەمەنی 86 ساڵیدا کۆچی دواییکردووە.

ئاژانسی ناسا تێلسکۆپەکە بە “سەرکەوتنێکی مەزن” ناودەبات و دەڵێت، “ڕوانینمان بۆ گەردوون دەگۆڕێت و زانیاریی زۆرمان پێدەبەخشێت، لەبەرئەوەی کات تێدەپەڕێنێت و دەگەڕێتە دواوە بۆ دەرخستنی نهێنییەکانی 13 ملیار ساڵ پێشتر و زانیاری لەسەر ئەو ڕووناکییەی لەدوای تەقینەوە گەورەكەی گەردوون دروستبووە، ئەمەش پەردە لەسەر زۆرێک لە زانیارییە شاراوەکانی گەردوون لادەبات.

“وێب” لەڕێگەی تیشكی ژێر سووری نزیك و مامناوەندەوە چاودێریی گەردوون دەكات، شەپۆلی ئەو تیشكانە لە تیشكی بینراو درێژترن، بەجۆرێك توانای بینینی ماوەیەكی زەمەنییان هەیە كە بریتییە لە 100 بۆ 250 ملیۆن ساڵی دوای تەقینەوە گەورەكە كە بە “Big Bang” ناسراوە، ئەمەش ماوەیەکی کەمە بەراورد بە تەمەنی گەردوون کە 13 ملیار و 700 ملیۆن ساڵە، تیایدا زۆرینەی ئەستێرە سەرەتاییەکان و خولگەکان دەرکەوتوون.

تێلسکۆپی “وێب” شۆڕشێکی نوێیە بۆ تێگەیشتن لە گەردوون و ئاشکراکردنی ئەو خولگانەی تەمەنیان نزیکە لە تەقینەوە مەزنەکەوە، کێشی تێلسکۆپەکە شەش تۆنە و توانای بینینی 100 هێندەی توانای تێلسکۆپی “هابڵ”ـە.

بابەتی پێشتر

بەهۆی قسەكانی جەلال پەرێشانەوە فراكسیۆنی پارتی داوای لێبوردن دەكات

بابەتی دواتر

فەرمانبەرانی گرێبەست وادەی مانگرتنیان ڕاگەیاند

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share