زانایانی ئەزهەر سەبارەت بە چاندنی ئەندامی جەستەی بەراز بۆ مرۆڤ فەتوایان دا

ناوەندی ئەزهەری جیهانی فەتوایەکی سەبارەت بە چاندنی ئەندامی جەستەی بەراز بۆ مرۆڤ دەرکرد و دەڵێت، “لەحاڵەتی پێویستدا ڕێگەپێدراوە”.

فەتواکەی ناوەندی ئەزهەر دوای ئەوە دێت لە ماوەی ڕابردوودا نەشتەرکارانی ئەمریکی هەوڵی چاندنی گورچیلەی بەرازیان بۆ ژنێکی نەخۆشدا و ڕایانگەیاند، تائاستێکی زۆر سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە.

ئەم نەشتەرگەرییە دەنگۆ و مشتومڕێکی زۆری لەناو جیهانی ئیسلامیدا دروستکرد، بەشێکیان پێیانوایە بەهۆی ئەوەی بەراز یەکێکە لە ئاژەڵە حەرامکراوەکان لە ئیسلامدا، سوودوەرگرتن لە ئەندامانی جەستەشی بۆ چارەسەر ڕێگەپێنەدراو و قەدەغەیە، هەندێکیش پێیانوایە بەهۆی ئەوەی بۆ حاڵەتی پێویست و چارەسەرە، ڕێگەپێدراوە.

لە فەتواکەی ناوەندی ئەزهەردا هاتووە، “ئایینی ئیسلام چارەسەرکردن و دەرمانکردنی بە هەموو کەلوپەل و شتێکی پیس و زیانبەخش حەرامکردووە”.

ناوەندەکە دەشڵێت، “هەرچەندە سوودوەرگرتن لە بەراز و هەر پارچەیەکی ئەو ئاژەڵە ڕێگەپێنەدراو و قەدەغەیە، بەڵام سوودوەرگرتن لێی بۆ چارەسەر یان وەرگرتنی ئەندامێکی ئەگەر پێویستبوو و هیچ چارەسەرێکی دیکەش نەبوو، دوای لابردنی زیانەکانی، ڕێگەپێدراوە”.

بابەتی پێشتر

تەیموری ئەنفال: پشکنینەکەم دەرچوو ژەهرخواردکراوم

بابەتی دواتر

ڕۆژنامەیەكی توركی: ئەردۆغان گفتوگۆی لەگەڵ كورد دەستپێكردووەتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share