بەرپرسێكی پێشووی وەزارەتی بەرگریی عێراق بەتۆمەتی گەندەڵی دەیان ساڵ زیندانیدەكرێت و داوای گەڕاندنەوەی پارە دزراوەكانی لێدەكرێت.
دەستەی دەستپاكیی عێراق ئاشكرایكرد، دوو سزای تر بەسەر جێگری ئەمینداری گشتیی پێشووی وەزارەتی بەرگریدا سەپێندراوە بەتۆمەتی گەندەڵیكردن لە كڕینی زرێپۆش و ئامێر بۆ وەزارەتەكە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی دەستەكە كە ئەمڕۆ یەكشەممە بڵاویكردووەتەوە، ئەو كاربەدەستە زیاد قەتان-ـە و دادگای كەرخ تۆمەتباریكردووە بە گەندەڵی لە گرێبەستكردن لەگەڵ دوو كۆمپانیادا بۆ كڕینی 90 زرێپۆش و ئامێری چاودێریكردن و پشكنین.
دوای لێكۆڵینەوە دەركەوتووە زیاد قەتان جێگری ئەمینداری گشتیی پێشووی وەزارەتی بەرگری، گەندەڵی لەو دوو گرێبەستەدا كردووە و سەدان ملیۆن دۆلاری بردووە.
پێشتر دادگا سزای دەیان ساڵ زیندانیكردنی بەسەر ئەو كاربەدەستەی پێشووی وەزارەتی بەرگریدا سەپاندبوو، بەڵام قەتان بۆ ئوردن هەڵات و دواتر دادگای عێراق داوای ڕادەستكردنەوەی ناوبراوی كرد و جگە لە زیندانیكردن، داوای گەڕاندنەوەی 800 ملیۆن دۆلار لە زیاد قەتان دەكات.