پەیامێك لە سەدرەوە: بۆ پێكهێنانی حكومەت پێویستمان بە دەستوەردانی وڵاتان نییە

موقتەدا سەدر پەیامێك ئاراستەی وڵاتانی دراوسێ دەكات، هێڵە گشتییەكانی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا ئاشكرادەكات، پۆلێنیكردوون بەسەر دوو بەشدا، ئەوانەی دەستوەردان لە كاروباری عێراقدا دەكەن، لەگەڵ ئەوانەی دەستوەردان ناكەن، بە ڕوونی دەڵێت، ڕێگەنادەن وڵاتان دەستوەردان لە پێكهێنانی حكومەت و گەورەترین كوتلە بكەن.

لە تویتێكدا موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر پەیامێكی ئاراستەی وڵاتانی دراوسێ كردووە، بە چەند خاڵێك، سیاسەتەكانی ڕەوتەكەی، (كە پێدەچێت پێكهێنەری سەرەكیی حكومەتی داهاتوو بێت)، بەرامبەر بە وڵاتانی دراوسێ بۆ قۆناغی داهاتوو ڕوونكردووەتەوە.

سەدر وڵاتانی كردووە بە دوو ئاستەوە، ئەوانەی دەستوەردانیان لە كاروباری عێراقدا نەكردووە و ئەوانەش كە دەستوەردانیان كردووە.

سەدر لەبارەی ئاستی یەكەم، كە ئەو وڵاتانەن دەستوەردانیان نەكردووە، نووسیویەتی، “هەوڵدەدەین بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانمان و کارکردن بۆ دۆزینەوەی پڕۆژەی هاوبەش لەسەر ئاستی ئەمنی، ئابوری، ڕۆشنبیری، تەندروستی، پەروەردەیی، پیشەسازی، ئاڵوگۆڕی پسپۆڕییەکان و ئەو بابەتانەی هاوشێوەن، هەروەها کاراکردنی ڕۆڵی دیپلۆماسیی هاوبەش”.

موقتەدا سەدر دووپاتیدەكاتەوە، عێراق بەهیچ شێوەیەک دەستوەردان لە کاروباری ئەو وڵاتانەدا ناکات.

هەرچی تایبەتە بە ئاستی دووەم، بریتین لەو وڵاتانەی دراوسێ، “کە دەستوەردانی ڕوونیان لە کاروباری سیاسی و ئەمنی و کاروباری دیکەی عێراقدا کردووە”، سەدر چەند شێوازێكی مامەڵەی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا دیاریكردووە.

شێوازی یەكەم بریتییە لە دەستپێکردنی گفتوگۆ لە ئاستی باڵا بۆ تەواو ڕێگریکردنی تەواوەتی لە دەستوەردانەکان، “ئەگەر وەڵامیان هەبوو پێشوازیی لێدەکەین، بەپێچەوانەوە، پەنادەبەینە بەر ڕێگەی دیپلۆماسی و نێودەوڵەتی بۆ ڕێگریکردن لە دەستوەردانەكە”.

سەدر شێوازی دووەمیشی بە پاراستی سنوور و دەروازەکان و فڕۆکەخانەکان و تووندکردنی مامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتانی دەستتێوەردەر دیاریكردووە، ئەگەرنا، مامەڵە ئابوورییەکان لەگەڵیاندا كەمدەكرێتەوە.

موقتەدا سەدر شێوازی سێیەمی مامەڵەكردنی لەگەڵ وڵاتانی دەستتێوەردەر ئاشكراكردووە، بەوەی، ئەگەر هەر كردەوەیەك بكەن كە زیان بە سەروەریی عێراق بگەیەنێت، دەبێتە دەروازەیەك بۆ دابەزاندنی ئاستی نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی و تەنانەت ڕێكاری دیكەی توندی كارپێكراوی نێودەوڵەتی و هەرێمی.

ڕێبەری ڕەوتی سەدر دڵنیاییش دەدات، كە لە هەموو بارێكدا عێراق دەستوەردان لە کاروباری هیچ کام لە وڵاتانی دراوسێدا ناكات و نابێتە شوێنی زیانگەیاندن پێیان، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی ڕیز لە سەروەریی عێراق دەگرن و بەشێوەیەكی باڵا مامەڵە لەگەڵ گەل و حكومەتەكەیدا دەكەن.

دواتر موقتەدا سەدر لەبارەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و هەنگاوەكانی دواتری پێكهێنانی حكومەت و هاوپەیمانێتییەكان و گەورەترین كوتلە، هۆشداریی ڕوونی داوە بە وڵاتانی دراوسێ، نووسیویەتی، “ڕێگەنادەین هیچ وڵاتێک دەستوەردان لە کاروباری هەڵبژاردنەکانی عێراق و ئەنجام و لێکەوتەکانی بکات لە هاوپەیمانێتییەكان و دروستكردنی کوتلە و پێکهێنانی حکومەت و بابەتەکانی دیکە”، سەدر پرۆسەكە بەوە ناودەبات، كە “ململانێیەکی دیموکراسییە لەنێوان ئەندامانی یەك گەل و پێویستمان بە دەستوەردانی نێودەوڵەتی نییە”.

بابەتی پێشتر

مۆزەخانەی سریانییەکان لە هەولێر مێژووی ئەو پێکهاتەیە دەگێڕێتەوە

بابەتی دواتر

هەسەدە ڕوونكردەوە لەسەر بۆردومانەكەی كۆبانێ دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share