نرخی نەوت کەی بەربەستی 40 دۆلار دەبڕێت؟

دوای تێپەڕبوونی شەش مانگ لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزاندنی نرخی نەوت، ئەویش بەهۆی کەمبوونەوەی خواست لەسەر ئاڵتونە ڕەشەکە، هەموو پێشبینییەکان بۆ ئەوە بوون کە دوای کەمبوونەوەی سانسۆرەکان لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە نرخی نەوت بەرزبێتەوە و بەربەستی40 دۆلار تێپەرێت کە سێ مانگە تێیدا یاری دەکات.


پێشبینییەکان چین؟

ناوەندی گۆڵدمان ساکس بۆ وەبەرهێنانی بانکی لە ئەمریکا پێشبینی خۆی بۆ ئایندەی نرخی نەوت ئاشکراکردووە و دەڵێت، “پێشبینیدەکرێت نرخی نەوت بەرزبێتەوە بەشێوەیەک لە چارەکی سێیەمی ساڵی داهاتوودا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بگاتە 65 دۆلار و لە چەند مانگی داهاتووشدا، نرخی هەر بەرمیلێک بگاتە 58 دۆلار.

ناوەندی گۆڵدمان ساکس رایگەیاندووە “پێدەچێت لە بەهاری ساڵی داهاتوو بەشێوەیەکی بەربڵاو ڤاکسینی پەتای کۆرۆنا بەردەست بێت، ئەمەش لە ئاستی جیهانیدا یارمەتی گەشەی ئابووری دەدات و خواست بۆ نەوت بەرزدەکاتەوە، بەتایبەت بۆ سووتەمەنی فڕۆکە”.

گۆڵدمان ساکس پێیوایە دەکرێت لە چارەکی سێیەمی ساڵی داهاتوو نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بۆ 65 و نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسیش بۆ 58 دۆلار بەرزبێتەوە. گۆڵدمان ساکس پێشبینییەکانی بۆ نرخی نەوت بەرزکردووەتەوە، پێشتر رایگەیاندبوو لە ساڵی 2021 ئەگەری هەیە نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بۆ 55 دۆلار و نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسیش بۆ 51 دۆلار بەرزبێتەوە.

شرۆڤەکارانی گۆڵدمان ساکس لە حوزەیرانی ئەمساڵدا رایانگەیاند پێدەچێت لە ساڵی 2022 خواست بۆ نەوت بگەڕێتەوە سەردەمی پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەوەش بە گەڕانەوەی ملیۆنان هەلیکار، کە زۆربەیان لە کەرتی تایبەت دەڕەخسێندرێن، هاوکات پشتگیری حکومەتەکان بۆ بنیاتنانەوەی ژێرخان یارمەتی رەخساندنی هەلیکار و زیادبوونی خواست بۆ سووتەمەنی دەدات.


بۆچونی بەرهەمهێنەرانی نەوت لەبارەی نرخی ئاڵتونە ڕەشەکە

دوو ڕۆژ پێش ئێستا وەزیری وزەی روسیا رایگەیاند، نرخی نەوت ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبیت لە بەرزی و نزمی بەڵام پێشبینی دەکرێت نرخی بەرمیلێک نەوت بگاتە 65 دۆلار.

ئەلێکساندەر نۆڤاک وەزیری وزەی روسیا دوو ڕۆژ پێش ئێستا لە میانی ڤیدیۆ کۆنفرانسێکدا رایگەیاند: “پێشبینی دەکەین نرخی بەرمیلێک نەوت لە ساڵی داهاتوو لە نێوان 50 بۆ 55 دۆلاربێت، ئەگەرچی بۆ ماوەیەکی کاتی دەگاتە 65 دۆلار.

وتیشی: خواستی جیهان لەسەر نەوت لە نێوان نۆ بۆ 10 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا دەمێنێتەوە، ئەو کەمبوونەوەی خواستەش بە وردی لەلایەن ئۆپیک پڵەسەوە چاودێری دەکرێت.

ئۆپیک پڵاس کە پێکهاتووە لە ئەندامانی ڕێکخراوی ئۆپیک و هاوپەیمانێتییەک لەگەڵ ولاتانی وەبەرهێنەری نەوت پیشبینی وابوو بە کۆنترۆڵکردنی بڕی بەرهەم بتوانێت نرخی نەوت بەرزبکاتەوە بۆ نزیکەی 60دۆلار، بەڵام تا ئێستا نرخی نەوت لە کابوسی 40دۆلارەکان دەرنەچووە.

ئەندامانی ئۆپیک و ئۆپیک پڵەس، دانیان بەوەدا ناوە کە پێشتر بڕی بەرهەمهێنانیان زیادکردووە، واتە بەشێک لە ئەندامانی ئۆپیک و ئۆپیک پڵەس زیاد لەو ئاستەی بۆیان دانرابوو بەرهەمی نەوتیان هەبووە.


نرخی نەوت بۆچی بەرزنابێتەوە؟

لەماوەی هەفتەی ڕابردوو نرخی نەوت بۆ دۆلار و نیوێک بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی بە جۆرێک بەرمیلێک نەوتی ئۆپیک بە 46دۆلار و چەند سەنتێک فرۆشرا، هۆکاری ئەم بەرزبوونەوەیە تەنها ئەوە بوو کە 10ملیۆن بەرمیل نەوت لە بازاڕەکانی جیهان کەمبوویەوە بەهۆی کاریگەری زیانەکانی زریانی لۆرا لە کەناراوەکانی مەکسیک، کە ناوەندێکی گەورەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکای تێدایە وئەوەش بووە هۆی وەستانی بەرهەمهێنانی نەوت لە بەندەرەکە و کەمبوونەوەی ڕێژەی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا.

دوای تەواوبوونی زریانەکەی کەناراوەکانی مەکسیک ڕێژەی کەمبویەوەی نەوت هاتەوە شوێنی خۆی و بەوەش نرخی نەوت جارێکی دیکە نزم بوویەوە.

وڵاتە گەورە بەکارهێنەرەکانی نەوت وەک چین و ئەمریکا و هیندستان، هێشتا کاریگەری ڤایرۆسی کۆرۆنا بەبازاڕەکانیانەوە دیارە، بوونی ئەم کاریگەرییە ڕێژەی پێویستی بە نەوت کەمدەکاتەوە و هەر کەمبوونەوەیەکی خواستیش لەلایەن ئەو سێ گەورە بەکاربەرەی نەوتەوە دەتوانێت نرخی نەوت دابەزێنێت.

ئۆپیک و ئۆپیک پڵەس داوایان لە ئەندامانیان کردووە پابەندبن بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، ئەگەرچی بەشێکی زۆری ئەندامان نیەتپاکیان نیشانداوە لەسەر کەمکردنەوەی بڕی نەوت، بەڵام ئەم ڕێکارە نەیتوانی نرخی نەوت جێگیربکات یان بەرزی بکاتەوە.

بابەتی پێشتر

گریانی نێیمار و بەرزکردنەوەی جامی چامپیۆنزلیگ لەلایەن پاڵەوانانی ئەورووپا

بابەتی دواتر

پیاوێك بەشێكی ماڵەكەی بۆ ڕاونانی مێشێك دەتەقێنێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بۆچی ئۆكرانیا؟

ڕوسیا هێرشدەكاتەسەر ئۆكرانیا؟ پاڵنەرەكانی چین و پوتین بیر لە چی دەكاتەوە؟ دەیەوێت لەڕێگەی دۆسیەی ئۆكرانیاوە ئەوروپا و ئەمریكا…
Total
0
Share