گەڕاندنەوەی نەخۆشخانەی سانتی لایڤ بۆ كەرتی گشتی سەرینەگرت

نەخۆشخانەی سانتی لایڤ

نزیكەی ساڵێك بەسەر هەوڵەكان بۆ گەڕاندنەوەی نەخۆشخانەیەكی تایبەت بۆسەر كەرتی گشتی تێدەپەڕێت، داواكاری گشتی بێدەنگە و پەرلەمانتارێكیش دەڵێت، هیچ وەڵامێكی فەرمییان پێنەدراوەتەوە.

نەخۆشخانەی سانتی لایڤ كە دەكەوێتە شاری هەولێر، پێشتر ژمارەیەك پەرلەمانتاری كوردستان باسیان لەوەكرد كە نەخۆشخانەیەكی حکومییە و لەلایەن کۆمپانیایەکی نەوتییەوە بە 40 ملیۆن دۆلار تایبەت بە منداڵان دروستکراوە، بەڵام دراوەتە كەرتی تایبەت.

لەو چوارچێوەیەشدا پەرلەمانتاران ڕێوشوێنەكانی بەدواداچوون و تۆماركردنی سكاڵای یاساییان گرتەبەر، ساڵێك تێپەڕبووە بەڵام هەوڵەكان هیچ ئەنجامێكیان دیارنییە.

شایان كاكە ساڵح، جێگری سەرۆكی لیژنه‌ى كاروبارى ته‌ندروستى و ژینگه‌ و مافی بەکاربەر لە پەرلەمانی كوردستان، بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، تائێستا بەدواداچوونەكانیان هیچ ئەنجامێكیان نییە و وەزارەتی تەندروستی وەكو پێویست وەڵامناداتەوە.

دوابەدوای خستنەڕووی دۆسیەكە، وەزارەتی تەندروستی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی پێكهێنا، شایان كاكە ساڵح دەڵێت، “لیژنەكە دەڵێن وەڵاممان داوەتەوە، بەڵام هیچ وەڵامێكم پێنەدراوەتەوە، لەكاتێكدا من پرسەكەم ورووژاند”.

“ئەگەر وەڵامێكی مەعقول و مەنتقییان بدایەتەوە، بەدڵنیاییەوە ئێستا نەخۆشخانەكە دەگەڕایەوە بۆ حكومی” ئەو پەرلەمانتارە وادەڵێت.

بەدواداچوون لەسەر دۆسیەكە لەلایەن لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانیشەوە پشتگوێخراوە، شایان كاكە وتی، “یەكجار لە لیژنە باسكرا، بەڵام وەها پێدەچوو كە نایانەوێت ئیشی لەسەر بكەن”.

نەخۆشخانەكە، كە لەئێستادا لەلایەن زانكۆی كوردستانەوە بەڕێوەدەبرێت، گومان هەیە خوودی زانكۆكەش بە پارەی حكومی دروستكرابێت، بەڵام وەك زانكۆیەكی ئەهلی مامەڵە دەكات، وەك ئەوەی ئەندامەكەی لیژنەی تەندروستی باسیكرد و وتیشی، “وەك ئەوەی باسدەكرێت دوو نەخۆشخانەی دیكەی هاوشێوە هەن، بەڵام بەدواداچوونم بۆ ئەوان نەكردووە كە ئەوانیش پێدەچێت بە پارەی گشتی دروستكرابن”.

ڕوونیشیكردەوە، لە مانگی ئابی 2020 لە داواكاری گشتی سكاڵای تۆماركردووە دوای دەستكەوتنی بەڵگەیەك كە ئاشكرایدەكات لە ساڵی 2006دا لە وەزارەتی داراییەوە بڕی شەش ملیۆن دۆلار خراوەتەسەر هەژماری بانكیی كەسێك و دەڵێت، “زانکۆی کوردستان و نەخۆشخانەی سانتی لایڤ و سەنتەری میدیا بە پارەی گشتی دروستكراون”.

پێشتر ڕێکخراوی هێڤی تەندروستی لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاندبوو، نەخۆشخانەكە موڵکی ئەوانە و سەر بە کەرتی تایبەتە و هیچ پەیوەندییەکی بە موڵکی گشتی (حکومەتەوە نییە) و لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانەوە، بەنووسراوی ژمارە 3470 لە 8ی كانونی یەكەمی 2013 مۆڵەتی ژمارە 103ی پێدراوە.

لە بەرامبەردا عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە وەڵامی ئەو ڕوونكردنەوەیەدا وتی، “ئەگەر دروستکردنی نەخۆشخانەکە و بونیاتنانی بە پارەی گشتی بێت، زەوییەکەشی لە زەویی گشتی بێت، بە مۆڵەتێکی وەبەرھێنان ناکرێتە نەخۆشخانەی کەرتی تایبەت”.

بابەتی پێشتر

لاپۆرتا له‌باره‌ی دوو یاریزانه‌وه‌ فه‌رمانی به‌سه‌ر کومان-دا کردووه‌

بابەتی دواتر

پەنجشیر بەردەوامە لە بەرگریكردن و تاڵیبان هەڕەشەدەكات: تا كەوتنت ناوەستین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share