گروپێكی حەشد: ئەمریكا چاوبەستی لێكردووین و لێیدەدەین

كەتائیبی سەید شوهەدا دەڵێت، كازمی بۆ بابەتێكی دیكە سەردانی واشنتنی كرد نەك كشانەوە، ئەمریكا بەهیچ شێوەیەك لە عێراق نەكشاوەتەوە و ئەوەی دەگوزەرێت تەنها چاوبەستكردنە و بە هەر جۆرێك بمێنێتەوە لێیدەدەین.

كازم فەڕتووسی وتەبێژی كەتائیبی سەید شوهەدا یەكێك لە گروپە كاریگەرەكانی حەشدی شەعبی ڕایگەیاند، لە پرسی كشانەوەی ئەمریكادا حكومەتی عێراق بووەتە نێوەندگیر لەنێوان گەلەكەی و داگیركەردا، تا ئێستا ئەمریكا بە هیچ ڕاگەیەندراوێكی فەرمی كشانەوەی هێزەكانی لە عێراق ڕانەگەیاندووە و دڵنیاینەكردووینەتەوە.

بە وتەی ئەو، ئێستا هەمووان لەبارەی چارەنووسی ئەو هێزانەی كشاونەتەوە و چۆنێتیی كشانەوەیان دەپرسن و دەڵێت، “گۆڕینی ناونیشانەكان فریوماننادات و شارەزایانی ئەمریكا لە هیچ بوارێكدا سوودیان بە عێراق نەگەیاندووە”، وەك ئاماژەیەك بۆ مانەوەی ڕاوێژكارانی ئەمریكی لە عێراق.

وتەبێژی كەتائیبی سەید شوهەدا ڕەخنە لە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران دەگرێت و تۆمەتباری دەكات بەوەی هەوڵی دەركردنی هێزەكانی ئەمریكای نەداوە، “مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران بۆ هەڵبژاردن چووە واشنتن، نەك كشانەوە، هێشتا زیاتر لە 2500 سەربازی ئەمریكی لە عێراقدا ماونەتەوە”، فەڕتووسی لە دیدارێكی تەلەڤیزیۆنیدا وایوت.

ساڵی ڕابردوو چەندین هێرشكرانەسەر باڵیۆزخانە و بنكەكانی ئەمریكا لە عێراق، هێرشەكان لەڕێگەی مووشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی مووشەكهەڵگر و بۆمبڕێژكراوەوە ئەنجامدران و بەشێكیان لە هەرێمی كورستان بوون، دوو گروپی حەشدی شەعبی كە یەكێكیان كەتائیبی سەید شوهەدایە، بەرپرسیارێتیی ئەنجامدانی زۆرینەی ئەو هێرشانەیان خستەئەستۆی خۆیان.

وتەبێژی كەتائیبی سەید شوهەدا لە دیدارەكەدا هەڕەشەی لە ئەمریكا و هێزەكانی كرد و وتی، “بژاردەكانمان بۆ بەرپرچدانەوەی ئەمریكا كراوەن و وەك ڕێزگرتن لە جەژنەكانی برایانی كریستیان هێرشەكانمان بۆسەر ئەمریكییەكان ڕاگرتووە، بوونی سەربازیی ئەمریكا بە هەر جۆرێك بێت هێرشیدەكەینەسەر”.

چوار ڕۆژ لەمەوبەر مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە تویتێكدا ڕایگەیاندبوو، “ئەركە جەنگییەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كۆتاییهات، دەرچوونی سەرجەم هێزەكانی و كەلوپەلە سەربازییەكانیان بۆ دەرەوەی عێراق تەواوكرا”.

بابەتی پێشتر

كاندیده‌ پێشنیازكراوه‌كان بۆ پۆستی هەردوو سەرۆكی ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و نوێنه‌ران ئاشكراده‌كرێن

بابەتی دواتر

میدیای پەكەكە: دوو هاوڵاتیی ڕفێندراوی هەرێم بۆ توركیا گواسترانەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
1
Share