بۆچی ئۆكرانیا؟

ڕوسیا هێرشدەكاتەسەر ئۆكرانیا؟ پاڵنەرەكانی چین و پوتین بیر لە چی دەكاتەوە؟ دەیەوێت لەڕێگەی دۆسیەی ئۆكرانیاوە ئەوروپا و ئەمریكا چی بۆبكەن و لەناوخۆی وڵاتەكەی خۆیشیدا چی بچنێتەوە؟ ئەمانە ئەو پرسیارانەن كە میدیای جیهانی دەیانورووژێنێت لەم كاتە “هەستیارە”دا و ئەم ڕاپۆرتە وەڵامیان دەداتەوە.

سەرباری ئەوەی چەندین جار كاربەدەستانی ڕوس و خوودی ڤلادیمیر پوتین سەرۆكی ڕوسیا، ڕەتیانكردووەتەوە وڵاتەكەیان نیازی داگیركردنی ئۆكرانیای هەبێت، خۆرئاوا مكوڕە لەسەر بۆچوونەكەی خۆی و پێیوایە بەمنزیكانە هێزەكانی ڕوسیا دەچنە خاكی ئۆكرانیاوە.

ئەوەی بۆچوونەكەی خۆرئاوا و بەتایبەت ئەمریكا بە باوەڕپێكراو یاخود نزیك لە ڕاستییەوە نیشاندەدات، یان لایەنی كەم وایلێدەكات بۆچوونێكی بەهەندوەرگیراو بێت، كۆكردنەوەی هێزێكی زۆری ڕوسیایە لەسەر سنوورەكانی ئۆكرانیا.

ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، ڕاپۆرتێكی لەبارەی پاڵنەرەكانی ڕوسیا بۆ داگیركردنی ئۆكرانیا بڵاوكردووەتەوە و ئاماژە بۆ ئەو هۆكارانە دەكات كە وا لە ڕوسیا دەكەن “بیر لە داگیركردنی ئۆكرانیا” بكاتەوە.

بەدەستهێنانەوەی پێگە و سەپاندنی هەژموون

ئۆكرانیا، یەكێكە لەو وڵاتانەی دوای هەرەسهێنانی یەكێتیی سۆڤیەت دامەزراون، “پوتین خەم لە بچووكبوونەوەی هەژموونی وڵاتەكەی و لەدەستدانی بەشێك لە خاكی یەكێتیی سۆڤیەت دەخوات”. ڕۆژنامەكە دەڵێت، “مۆسكۆ دەیەوێت بازنەی هەژموونی خۆی لە خۆرهەڵاتی ئەوروپا فراوانبكات، بەتایبەت لەو وڵاتانەی سەر بە یەكێتیی سۆڤیەت بوون وەك ئیستۆنیا، لاتڤیا، بیلاڕوسیا، جۆرجیا، لیتوانیا و ئۆكرانیا. سەرۆكی ڕوسیا دەیەوێت نیشانی خۆرئاوای بدات كە وڵاتەكەی هێشتا زلهێزە و توانای جووڵەی سەربازی و فراوانخوازی هەیە.

بۆچی ئۆكرانیا؟

پوتین ترسی هەیە لەوەی ئۆكرانیا كە لە باشووری خۆرئاواوە هاوسنوورە لەگەڵ ڕوسیا، زیاتر لە خۆرئاوا نزیكببێتەوە و پەیوەندییەكانی لەگەڵ یەكێتیی ئەوروپادا بەهێزتربكات و بچێتەپاڵ ناتۆ، چونكە چەند ساڵێكە ئۆكرانیا هەوڵ بۆ ئەوە دەدات ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانیی باكووری ئەتڵەنتیك (ناتۆ) و بەوەش خۆرئاوا دەتوانێت چەكی ئەتۆمی بباتە ئەو وڵاتە و لە نزیك سنوورەكانی ڕوسیا جێگیریان بكات.

نیگەرانییەكی تری ڕوسیا و خوودی سەرۆكەكەی لە ئۆكرانیا، ئەو ئازادی و ئازادیی ڕادەربڕین و میدیایە كە بە بەراورد بە ڕوسیا كراوەتر و ئازادانەترە، بۆیە پوتین ترسی هەیە لەوەی بارودۆخی ئۆكرانیا ڕەنگدانەوەی لەسەر ناوخۆی ڕوسیا و خەڵكەكەی هەبێت، بەوەش چانسی مانەوەی پوتین لە دەسەڵاتدا كەمدەبێتەوە.

بۆچی ئێستا؟

هۆكاری چییە كە پوتین ئەمكاتەی هەڵبژاردووە بۆ كۆكردنەوەی هێز و “ویستی داگیركردنی ئۆكرانیا”ی هەیە؟ وەك ئەوەی خۆرئاوا بانگەشەی بۆدەكات. وەڵامەكە بەپێی میدیای خۆرئاوا، دەگەڕێتەوە بۆ بۆچوونی سەرۆكی ڕوسیا كە پێیوایە ئێستا هاوپەیمانیی ناتۆ لاوازبووە و بەهۆی ئەو شكستەی ساڵی ڕابردوو لە ئەفغانستان دووچاری بووەوە و ناچار بە كشانەوە لەو وڵاتە بوو، هاوپەیمانێتییەكە لە دۆخی پاشەكشەدایە و توانای بەرپەرچدانەوەی ڕاستەوخۆی ڕوسیای نابێت لەكاتی هێرشی هێزەكانی ئەو وڵاتە بۆسەر ئۆكرانیا، چونكە وەك گاردیان دەڵێت، “پوتین پێیوایە جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا ویستی هێرشكردنەسەر هێزەكانی ڕوسیا و چوونەشەڕ لەگەڵ ئەو وڵاتەیدا نییە، سەرۆكی ڕوسیا لەو بڕوایەدایە كە بایدن سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی داڕشتووەتەوە و ڕووی سەرنجی لەسەر چینە، نەك ئەوروپا”.

لەسەر ئاستی ناوخۆ، خۆرئاوا بانگەشەی ئەوە دەكات كە پوتین لەڕێگەی نانەوەی شەڕ لەگەڵ ئۆكرانیادا، دەیەوێت سەرنجی هاوڵاتییانی خۆی لەسەر بارودۆخی ناوخۆی ڕوسیا و كێشە ئابورییەكان لابدات و وای نیشان بدات كە ئەوە سزا و فشارەكانی ئەمریكان وایانكردووە دۆخی وەبەرهێنان لە ڕوسیا خراپببێت.

داواكارییەكانی پوتین چین؟

ڕاپۆرتەكەی گاردیان باس لەوە دەكات، ڤلادیمیر پوتین دەیەوێت لەڕێگەی گرژكردنی دۆخەكەوە، فشار بخاتەسەر ئەوروپا و ئەمریكا بەوەی ئۆكرانیا وەك ئەندام لە هاوپەیمانیی ناتۆ وەرنەگرن و بۆ هەمیشە كۆتایی بەو پرسە بهێنن. تەنانەت ئامانجێتی ناتۆ لە وڵاتانی پۆڵەندا و ڕۆمانیا و بولگاریا بكشێتەوە و هەژموونی خۆرئاوا بەسەر ئەو وڵاتانەوە كەمببێتەوە. پێگەی ئەمنیی ڕوسیا بەهێزترببێت و خۆی ڕۆڵی سەرەكی بگێڕێت لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەمنیی ناوچەی خۆرهەڵاتی ئەوروپادا.

بابەتی پێشتر

بەرشلۆنە چاودێریی یەکێک لە گرانترین بەرگریکارەکانی کالچیۆ دەکات

بابەتی دواتر

فێڵێکی ئازپیلیکوێتا بووە جێی باسی میدیاکانی بەریتانیا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

چین بڕیارێكی مێژوویی دەدات

چین ڕێگە بە خێزانەكانی وڵاتەكەی دەدات تا سێ منداڵ بخەنەوە، ئەمەش گۆڕانكارییەكی گەورەیە كە پێشتر تەنها ڕێگە بە…
Total
0
Share