بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیکرد لە ئیلبروس کوتراشیڤ، باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق و ئۆلیگ لیڤن، کونسوڵی ڕووسیا لەھەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند، یەکێتی ئامادەیە کورد ماڵی خۆی ڕێکبخاتەوە لە بەغداد و یەک وتاری هەبێت.
لە دیدارێکدا دواپەرەسەندنە سیاسییەکان، قۆناغی دوای ھەڵبژاردن، پەیوەندی لایەنە سیاسییەکان و ڕۆڵی کورد لە حکومەتی داھاتووی عێراق گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و ھەردوولا ھاوڕابوون لە ڕەخساندنی زەمینەی لەبار بۆ لێکتێگەیشتن و گەیشتن بە چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان.
لە دیدارەکەدا بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند، ئەم ھەلومەرجەی ھاتۆتە پێش وادەخوازێت کورد ماڵی خۆی رێکبخاتەوە و یەک وتاری یەکگرتوومان ھەبێت بۆ بەغدا و یەکێتیش لەو رووەوە دەستپێشخەری دەکات و ھەماھەنگ دەبێت بۆ یەکڕیزی، تا پێکەوە سەنگی نەتەوەییمان بپارێزین و لەچوارچێوەی دەستوور شەڕی مافەکانمان بکەین، ئەم ھەنگاوەشی بە خزمەتکردنی ئامانجە باڵاکانی گەلی کورد وەسفکرد.
بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد گۆڕانکارییەکانی ناوخۆیی و ناوچەکە ھانمان دەدات ناکۆکییەکان وەلابنێین و بە ئیرادەیەکی بەھێزەوە کار بکەین بۆ چاکسازی راستەقینە و خزمەتکردنی زیاتر، لێشگەڕێین دامەزراوە رەسمییەکان ئەرکەکانی سەرشانیان جێبەجێبکەن.
لەسەر پرسی ڕۆژئاوای کوردستان بافڵ تاڵەبانی تەئکیدی لەپشتیوانی و سەقامگیری سیاسی کردەوە و دیالۆگ و چارەسەرکردنی سیاسییانەی کێشەکانی بە فاکتەری ئارامی و ئاسایش لەناوچەکە زانی و داوایکرد لە ڕووسیا ھەماھەنگ و پشتیوانی زیاتربن لەو ڕووەوە.