ماوەیەكە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد و بەشێك لە نێردەی وڵاتان بە مووشەك دەكرێنە ئامانج، ئەوەش ئەمریكای تووڕەكردووە و بەپێی سەرچاوەكان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، بە تەلەفۆن هەریەك لە د. بەرهەم ساڵح سەرۆككۆمار و مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراقی ئاگاداركردووەتەوە كە ئەگەر كۆتایی بەو كارانە نەهێندرێت، ئەوا ئەمریكا باڵیۆزخانەكەی لە بەغداد دادەخات. پۆمپیۆ وتووشیەتی، هەر كەس و لایەنێك لە بەرانبەر ئازاردانی هاوپەیمانان و نێردە دیپلۆماتییەكاندا بێدەنگ ببێت، ئەوا بە هاوبەشی ئەو كارانە ئەژماردەكرێت. لە لێدوانێكیشدا بۆ “تۆڕی میدیایی ئێستا” ڕاوێژكارێكی سەرۆككۆماری عێراق، زانیارییەكانی “ئێستا” لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیران لەگەڵ لایەنەكاندا پشتڕاستدەكاتەوە.
مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق هەینی ڕابردوو 25ی ئەیلول ڕایگەیاند، دەستی یاسا لەسەرووی دەستی ئەوانەیە كە لە یاسا دەرچوون و هەندێك هەرچۆنێك بیربكەنەوە، ئەوا یاسا لەسەرووی لە یاسادەرچووانەوە دەبێت.
سەرۆكوەزیرانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كە ڕووبەڕووی گەندەڵی و چەكی بێمۆڵەت دەبنەوە و لەوبارەیەوە وتی، “هاوپەیمانیی گەندەڵی و چەكداری لە عێراق دا جێگەی نابێتەوە.”
مستەفا كازمی ئەو قسانەی لە تویتەری خۆیدا كرد و ئاشكراشیكرد كە پشتیوانی لەو پێشنیازانە دەكات كە موقتەدا سەدر سەرۆكی ڕەوتی سەدر ڕایگەیاندوون سەبارەت بە پێكهێنانی لیژنەیەكی ئەمنی و سەربازی و پەرلەمانی بۆ لێكۆڵینەوەكردن لەو پێشێلكارییانەی ئاسایش و شكۆ و ناووبانگی عێراق و پابەندییە نێودەوڵەتییەكانی دەكەنە ئامانج.
سەدر دژی هێرشكردنەسەر نێردە و بارەگا دیپلۆماتییەمانی خۆرئاوایە
پێشنیازەكانی سەدر كە كازمی باسیكردوون، لە میانەی ئەو ڕاگەیاندراوەدا هاتوون كە هەینی ڕابردوو موقتەدا سەدر سەرۆكی ڕەوتی سەدر بڵاویكردەوە.
سەدر لەو ڕاگەیاندراوەدا دژایەتی خۆی بۆ بە ئامانجگرتنی نێردە و بارەگا دیپلۆماتییەمانی خۆرئاوا لە بەغداد ڕاگەیاندووە و بە كاری مەترسیدار بۆسەر ئاسایش و سەروەریی عێراق ناوزەدیكردوون. هاوكاتی داواكەشی لە حكومەت بۆ سەپاندنی یاسا، جەختیكردووەتەوە كە حكومەت لە گەڕاندنەوەی شسكۆی دەوڵەت و سەپاندنی ئاسایشدا كەمتەرخ دەبێت، ئەگەر لێكۆڵینەوە لە هێرشەكان بۆ سەر نێدە دیپلۆماتییەكان نەكات.
حەلبووسی: با وڵات نەخزێندرێتە مەترسییە نادیارەكانەوە
جگە لە مستەفا كازمی، محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانیش پشتیوانی خۆی بۆ پێشنیازەكانی سەدر ڕاگەیاند. حەلبووسی دوابەدوای ڕاگەیاندراوەكەی سەدر لە تویتێكدا سەرباری پشتیوانیكردنی پێشنیازەكانی ناوبراو، بە پێویستیزانی كۆتایی بە هێرشەكان بۆ سەر بارەگای نێردە دیپلۆماتییەكان بهێندرێت و ئەو كارانەشی بەوە ناوزەد كردووە كە عێراق دەخزێننە مەترسیی نادیارەوە.
سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیران هۆشداردی دەدەنە لایەنەكان
بەگوێرەی زانیارییەكان، لە كۆبوونەوەی ئەمدواییەیاندا لەگەڵ لایەنەكاندا، سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیران ئەو لایەنانەیان لە مەترسیداریی دۆخەكە و هەڕەشەكانی ئەمریكا ئاگاداركردوونەتەوە، هەر ئەوەش وایكردووە موقتەدا سەدر سەرۆكی ڕەوتی سەدر، دەستەی حەشدی شەعبی و هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح ڕاگەیاندراو بڵاوبكەنەوە و سەرباری بێبەریبوونی خۆیان لە هێرشەكان، داوای لێكۆڵینەوە لەو هێرشانە بكەن كە باڵیۆزخانەی ئەمریكا و هەندێك كاروانی دیپلۆماتیی خۆرئاوایان لە بەغداد كردوونەتە ئامانج.
سەبارەت بەم ڕووداوانە و بۆ زانینی ڕاستیی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەگەڵ سەرۆككۆماری عێراقدا، “تۆڕی میدیایی ئێستا” هەوڵیدا زانیاریی فەرمی لە سەرۆكایەتی كۆمار وەربگرێت، بۆ ئەو مەبەستەش لێدوانی لە هاوژین عومەر، ڕاوێژكاری سەرۆككۆماری عێراق وەرگرت، بەڵام ناوبراو بێئاگایی خۆی لە بابەتەكە ڕاگەیاند و وتی، “ئاگادارنیم و لە سەرچاوەكانی میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بیستم كە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پەیوەندی بە سەرۆككۆمارەوە كردبێت.”
هاوژین عومەر ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كە هیچ زانیارییەكی فەرمی سەبارەت بەو بابەتە لەلایەن سەرۆكایەتیی كۆمارەوە نەخراوەتەڕوو. بەڵام ئەوەی پشتڕاستكردەوە كە لە كۆبوونەوەكەی سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیران لەگەڵ لایەنەكاندا، بە ئامانجگرتنی نێردەی وڵاتان لە بەغداد باسكراوە و بە پێویستزانراوە ئەو هێرشانە كۆتاییان پێبهێندرێت و یاسا و ئاسایش بسەپێندرێت.
ڕاوێژكارەكەی سەرۆككۆماری عێراق، بە پێویستیزانی دەزگا ئەمنی و هەواڵگیرییەكان هەوڵی كۆتاییپێهێنانی ئەو دیاردەیە بدەن و وتیشی، “لە عێراقدا سەروەریی یاسا وەكپێویست نییە و چەك لە دەستی میلیشیا و هۆزەكاندا هەیە و ئەركی هەموو لایەكە كۆنترۆڵیبكەن. ئێستا دەوڵەت بەو ئاراستەیەدا هەنگاودەنێت كە ئەو دیاردەیە كۆنترۆڵ بكات و دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت. دەستڕۆیشتووەكانی عێراق و خۆپیشاندەران و شەقام بەو ئاراستەیەدا دەڕۆن كە عێراق وڵاتێكی خاوەن سەروەری و یاسا بێت، ئەوەش زیانی گرووپە تێكدەرەكانی تیادایە، لەوانە میلیشیا و باند و مافیاكان.”
لە درێژەی لێدوانەكەیدا بۆ “ئێستا”، هاوژین عومەر باسی لەو فرەجەمسەری و تێكگیرانی بەرژەوەندییانە كرد كە لە عێراقدا هەن و وتی، “فرەجەمسەری لە عێراقدا بەربڵاوە، ئەمریكا و ئێران و توركیا و وڵاتانی كەنداو هەژموونیان هەن. لەلایەك دەوترێت پێویستە هێزە بیانییەكان لە عێراق بچنە دەرەوە، لەكاتێكدا خۆرئاوا لەگەڵ سەروەریی عێراقدایە.
“ئێستا” هەوڵی دا زانیاریی زیاتر لەوبارەیەوە لە ئەحمەد مولا تەڵاڵ، وتەبێژی سەرۆكوەزیرانی عێراق و لیوا- یەحیا ڕەسوول، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق وەربگرێت، بەڵام هەوڵەكان بێئاكام بوون.