پاش پێنج ساڵ، دەستگیركردنی تۆمەتباری تەقینەوەكەی كەڕادە ڕاگەیەنرا

دیمەنێكی پاش تەقینەوەكەی كەڕادە لە 2016

پاش پێنج ساڵ بەسەر تەقینەوەكەی ناوچەی كەرادەی بەغداد، مستەفا كازمی دەستگیركردنی تۆمەتبارەكە ڕادەگەیەنێت و دەڵێت، بەرپرس بووە لەو تاوانە و تاوانی دیكە.

مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە تویتێكدا ڕایگەیاند، پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە پێنج ساڵ بەسەر تاوانی تەقینەوەكەی كەرادە كە ژانی خستە دڵی عێراقییەكان، هێزەكانیان پاش بەدواداچوونی هەواڵگریی ئاڵۆز لە دەرەوەی عێراق توانییان غەزوان زوبەیعی ناسراو بە (ئەبو عوبەیدەی بەغداد) دەستگیربكەن.

كازمی دەڵێت، ئەبو عوبەیدە بەرپرسە لە تاوانەكەی كەڕادە و تاوانی دیكە.

لە 3ی تەمموزی 2016 تەقینەوەیەك لەناو بازاڕێكی گەڕەكی كەڕادەی بەغداد ڕوویدا و بووە هۆی كوژرانی نزیكەی 300 كەس و برینداربوونی 200 كەسی دیكە، جگەلە ڕووخان و سوتانی حەوت باڵەخانە.

ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس لەسەر زاری دوو بەرپرسی هەواڵگریی عێراق بڵاویكردەوە، زوبەیعی، بەڕەگەز عێراقییەوە و لە پرۆسەیەكی ورددا بە هەماهەنگی لەگەڵ یەكێك لە وڵاتانی دراوسێ دەستگیركراوە.

تۆمەتبار چەند مانگێكە لەلایەن هەواڵگریی عێراقییەوە لەژێر چاودێری و بەدواداچووندایە.

بەرپرسەكان ئاشكراشیانكرد، زوبەیعی لە وڵاتێكی بیانی دەستگیركراوە، بەڵام ئاماژەیان بە ناوەكەی نەكردووە، بەر لە دوو ڕۆژیش ڕادەستی عێراق كراوەتەوە.

زوبەیعی (29 ساڵ) یەكێك بووە لە ئەندامانی ڕێكخراوی قاعیدە كاتێك لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە دەستگیركرا و لە زیندانی كرۆپەر بەندكراوە، دواتریش لە ساڵی 2013 لە بەندینخانەی ئەبوغرێب هەڵهات.

لەدوای هەڵهاتنیشی چووە پاڵ ڕێكخراوی داعش تا كاتی دەستگیركردنی لەڕیزەكانی ئەو ڕێكخراوەدا مایەوە.

غەزوان زوبەیعی
بابەتی پێشتر

 تەندروستیی ڕاپەڕین: دۆخی تەندروستیی ناوچەکەمان خراپە

بابەتی دواتر

نیوکاسڵ ئامادەیە گەوهەرەکەی سڕبیا بکڕێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

وەزیری داد بڕیارێكی نوێی دەركرد

وەزیری دادی عێراق سەرپەرشتی راستەوخۆی ئەو كەلوپەلانە دەكات كە بەسەر زیندانییاندا لە بەندیخانەكانی عێراقدا دابەشدەكرێن و جەختیشدەكاتەوە لیژنەیەكی…
Total
0
Share