ڕۆژنامەكان گرنگی بەئەنجامەكانی هەڵبژاردن دەدەن
عێراق پێویستی بەپێداچوونەوە بەشێوازی دیموكراسیدا هەیە؟

نوسەرێك: ئەنجامە بەراییەكان عێراق دەگەڕێتەوە بۆ ئامێزە عەرەبییەكەی

هەڵبژاردنەكەی یەكشەممەی ڕابردووی عێراق كە تائێستا ئەنجامە بەراییەكانی دەركەوتووە و تیایدا پاشەكشەی لایەنەكانی نزیك لە ئێران نیشاندەدات، تائێستا مایەی گرنگیپێدانە لەلایەن میدیا عەرەبی و جیهانییەكانەوە.

هەندێك لە نوسەران داوای پێداچوونەوە بە پرۆسەی دیموكراسی لە عێراق دەكەن، بەتایبەت لە پرسی پێكهێنانی حكومەت دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی، هەندێكی دیكەشیان تیشك دەخەنەسەر سەركەوتنی ئەو هێزانەی “بەردەوامی كاریگەریی ئێران لەسەر كاروباری عێراق” ڕەتدەكەنەوە.

لە 10ی تشرینی یەكەم هەڵبژاردنی پێشخراوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو كە بەپێی وتەی چاودێران جیاوازترین بووە بەراورد بە هەڵبژاردنەكانی ڕابردوو، بەهۆی ئەوەی پاش ئەو خۆپیشاندانانە بوو كە لە تشرینی یەكەمی 2019 ڕوویدا و بووە هۆی دەستلەكاركێشانەوەی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی، بەمەش چاوەڕوان دەكرێت ببێتە وێستگەیەكی نوێ لە عێراق بەرەو سەقامگیری و گۆڕانكاریی سیاسی.

“پێداچوونەوە بە پرۆسەی دیموكراسی”
ئەیاد مەهدی عەباس لە ڕۆژنامەی سەباح-ی عێراقی پێیوایە “پێویستە هێزە سیاسییەكان ئەو هۆشیارییە دیموكراسییەیان هەبێت كە وابكات درك بەوەبكەن كە سیاسەت هونەری گونجانە و، دانوستان لە پرسی پێكهێنانی حكومەت پێویستە بەپێی بەرژەوەندییە نیشتمانییە باڵاكان و هێنانەدی خواستی هاوڵاتیی عێراق بێت”.

نوسەر داوای “پێداچوونەوە بە پرۆسەی دیموكراسی لە عێراق دەكات، بەتایبەت لە پرسی پێكهێنانی حكومەتدا پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن” و دەڵێت، “دەبینین هێزە سیاسییە براوەكان ڕووبەڕووی ئالنگاری زۆر دەبنەوە لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت، بەجۆرێك هەندێك بەدوای بەرژەوەندییە كەسییەكانەوەیە و گەورەترین خواستی بەدەستهێنانی پۆستە لەڕێی سەپاندنی دەستەواژەی بەشبەشێنە كە هەمووان شوێنیدەكەون لە پرسی پێكهێنانی حكومەتەكانی عێراقدا”.

حسام میرو لە ڕۆژنامەی خەلیج-ی ئیماراتی دەڵێت، زۆرێك لە هێزە مەدەنییەكان بایكۆتكردنی هەڵبژاردنەكەیان بەلاوە پەسەندبوو و، دەڵێت، ئەم هەنگاوە “لەڕووكاردا ئاسایی دەردەكەوێت، بەڵام ڕەنگدانەوەی دوو پرسە/ یەكەم زانینی پێشوەختەیە دەربارەی سروشتی چێوەی هەڵبژاردنی ئێستا و پێیوایە بەشداریكردنی نابێتەهۆی گۆڕینی هاوسەنگی هێز، دووەمیش ئەوەیە كە بوونی لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن باشترە بۆی، گۆڕەپانێكی مانۆڕی بۆ دەڕەخسێنێت و، دەیكاتە هێزی فشار، بەتایبەت ئەگەر بتوانێت لەسەر ئاستی نیشتمانی خۆی ڕێكبخات”.

كاریگەریی ئێران
سالم یامی، لە ڕۆژنامەی یەوم-ی سعودی دەڵێت، ئەنجامە بەراییەكان عێراق دەگەڕێتەوە بۆ ئامێزە عەرەبییەكە دوای بردنەوەی ئەو هێزە سیاسییانەی بەردەوامیی كاریگەری ئێران لەسەر كاروباری عێراق ڕەتدەكەنەوە.

لەگەڵ ئەوە ئەو ئەنجامە بە ئەرێنی ناودەبات، بەڵام ئاماژە بە دیوە نەرێنییەكەشی دەكات و دەڵێت، دوای دەركەوتنی دەنگی شوێنكەوتووانی ئێران لە عێراق، ئەوان ئەنجامەكان ڕەتدەكەنەوە و هەڕەشەی ڕووبەڕووبوونەوەی بە هێز دەكەن، كە ئەمەش پێشبینی گەڕانەوەی عێراق بۆ چوارگۆشەی شەڕی ناوخۆیی بەدوورنازانرێت.

ڕۆژنامەی مستەقبەلی لوبنانی ئاماژە بەوەدەكات كە پارتە عێراقییەكانی نزیك لە ئێران “لایەنە بیانییەكانیان بە یاریكردن بە ئەنجامی هەڵبژاردن تۆمەتباركردووە، هەروەك حكومەتەكەی مستەفا كازمی بە ساختەكردنی ئەنجامەكان تۆمەتباردەكەن و داوای خۆپیشاندان دژ بە هەڵبژاردن دەكەن”.

ماجد بن محەمەد ئەنساری لە ڕۆژنامەی شەرق-ی قەتەری دەڵێت، “پاش بەپەلە ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمان لەلایەن كۆمسیۆنەوە، بە پشتبەستن بەو هەموارەی پەرلەمانی پێشوو لەسەر یاسای هەڵبژاردن كردویەتی بە ئامانجی كەمكردنەوەی هەلی یاریكردن بە ئەنجامەكان، ڕاستەوخۆ دوای دەرچوونی ئەنجامە سەرەتاییەكان ناڕەزایی لەلایەن هەندێك لایەنی جیاوازەوە دەستیپێكرد”.

ئەنساری دەشڵێت، “ناڕەزایەتییەكان بەخێرایی پەرەیانسەند و لەماوەی چەند كاتژمێرێكدا و بەر لە دەرچوونی ئەنجامی كۆتایی سەرجەم هێزە سیاسییەكان پێگەی خۆیان گرتووە و لە ئامادەباشیی نوێدان وەك ئامادەكارییەك بۆ شەڕی داهاتوو.

گرنگیپێدانی كوەیت
عەبدوڵا بەشارە لە ڕۆژنامەی قەبەس-ی كوەیتی پێیوایە هەڵبژاردنەكەی عێراق شوێن گرنگیپێدانی تایبەتە لەلایەن كوەیتەوە.

هیوای ئەوەش دەخوازێت “كوەیت لە ڕیزبەندی یەكەمی یەكەمی سەرلەنوێ بونیادنانەوەی عێراقدا بێت، پشتبەست بەو شارەزاییەی بەدەستیهێناوە لەڕێی چالاكی سندوقەكانییەوە، لەسەر ئەو بنەما سیاسییە ڕوونەی سەقامگیریی عیراق و پەرەپێدانی پاڵپشتێكی بنەڕەتییە بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی كوەیت و كۆكەرەوەی دەرچوونی وزەكانی گەلەكەیەتی بەرەو بونیادنان و گەشەپێدان”.

س: BBC + میدیاكان

بابەتی پێشتر

ڕیزبەندیی جیهان.. فێدرەر لە ڕیزبەندیی 10 باشترینەکەدا نەما

بابەتی دواتر

 تەندروستیی ڕاپەڕین: دۆخی تەندروستیی ناوچەکەمان خراپە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share