دەمەوێت خەڵووز بچێتە پەرتووكەكانی مێژووەوە
وڵاتان هەوڵدەدەن بە كردار ڕووبەڕووی گۆڕانی ئاووهەوا ببنەوە

نوێنەرانی نزیكەی 200 وڵات لە كۆنگرەی كۆپ 26 لە سكۆتلاند كۆدەبنەوە و دۆخی ئاووهەوا تاوتوێدەكەن، ئامانجی كۆنگرەكە پشتیوانیكردنی هەنگاوەكانی چارەسەركردنی دیاردەی قەتیسبوونی گەرمایە.

كۆنگرەكە دوای ڕاپۆرتەكەی دوو مانگ لەمەوبەری نەتەوە یەكگرتووەكان دێت كە هۆشداری دابوو لە گۆڕانی مەترسیداری ئاووهەوا.

ئەوكات ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، داوای لە سیاسییەكان كرد ڕێوشوێنی خێرا و بنەڕەتی بگرنەبەر بۆ بەرگرتن لە گۆڕانی ئاووهەوا و كاریگەرییەكانی لەسەر بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرمای زەوی و زیاتربوونی ڕادەی قەتیسبوونی گەرما.

گۆتیرێش ڕایگەیاندبوو، گۆڕانكارییەكانی ئەمدواییەی ئاووهەوا بەجۆرێكن كە بەدرێژایی چەندین سەدە و تەنانەت چەندین هەزار ساڵ، بێپێشینەن و ڕەنگە لە كۆنترۆڵ دەربچن.

بۆ كاركردن لەسەر ناوەڕۆكی ئەو ڕاپۆرتەی نەتەوە یەكگرتووەكان و وەك هەوڵێك بۆ چارەسەركردنی مەترسییەكان، نزیكەی 200 وڵات لە كۆتایی ئەم مانگەوە تا ناوەڕاستی مانگی داهاتوو لە سكۆتلاند  كۆدەبنەوە و ئەم ئاڵنگاری و گرفتانەی لای خوارەوە تاوتوێدەكەن:-

كەمكردنەوەی ڕێژەی دەرهاویشتەكان

ساڵی 2015 كۆنگرەی پاریس تایبەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانكارییەكانی ئاووهەوا و لەسەروویانەوە قەتیسبوونی گەرما بەڕێوەچوو، وڵاتان ڕێككەوتن لەسەر كەمكردنەوەی دەرهاویشتە غازییەكان بەوپێیەی هۆكاری بەرزكردنەوەی ڕادەی قەتیسبوونی گەرمان بەڕێژەی 1.5 پلە.

ئێستا 120 وڵات ئامادەییان بۆ ئەو هەنگاوە دەربڕیوە، بەڵام بەشێكی زۆریان كاتی دەستپێكردنیان دیارینەكردووە، بۆیە ئامانجی كۆنگرەی كۆپ 26 دەستنیشانكردنی خشتەیەكە بۆ ئەو كارە.

بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان، چین و هندستان و توركیا و سعودیە هیچ بەڵێنێكیان سەبارەت بە كەمكردنەوەی دەرهاویشتەی غاز نەداوە، لەكاتێكدا هۆكاری یەك لەسەر سێی قەتیسبوونی گەرمای هەسارەی زەوین، “بۆیە دەبێت لە كۆنگرەكەدا پابەندبوونی خۆیان بە كەمكردنەوەی دەرهاویشتەی غازەوە ڕابگەیەنن”.

پارەداركردن

ساڵی 2009 وڵاتان ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی ساڵانە 100 ملیار دۆلار بدەن بە وڵاتانی تازە گەشەسەندوو بەمەبەستی مامەڵەكردن لەگەڵ لێكەوتەكانی گۆڕانی ئاووهەوا، بەڵام ڕۆیتەرز ئاشكرایكردووە كە وڵاتان ساڵی 2018 78.3 ملیار دۆلار و ساڵی 2019 79.6 ملیار دۆلاریان بەخشیوە و “ڕەنگە ئەوەش متمانەی وتووێژەكانی ئاووهەوا لەناوببات”.

زیانەكان

ئامانجێكی تری كۆنگرەی كۆپ 26، قەرەبووكردنەوەی زیانەكانی ئەو ڕێوشوێنانەیە كە بۆ ڕێگریكردن لە گۆڕانی ئاووهەوا لەلایەن هەندێك وڵاتەوە گیراونەتەبەر، دوای ئەوەی ساڵی 2019 سەكۆیەك بۆ یارمەتیدانی وڵاتانی زیانلێكەوتوو دامەزرێندرا، وڵاتانی تازە گەشەسەندوو داوای ئامرازێكی كاراتری پارەداركردن دەكەن.

سووتەمەنیی ژێرزەوی

ئەلوك شارما سەرۆكی كۆنگرەی كۆپ 26 دەڵێت، “دەمەوێت كۆنگرەكە ئەو بۆنەیە بێت كە شوێنی خەڵووز تەنها پەرتووكەكانی مێژوو بێت”.

بەپێی بەدواداچوونەكانی ڕۆیتەرز، نەتەوە یەكگرتووەكان داوادەكات تا ساڵی 2030 وڵاتان دەستبەرداری خەڵووز ببن و چیتر بەكارنەهێنرێت.

بڕگەی شەشەم

بڕگەی شەشەمی ڕێككەوتننامەی “پاریس 2015” داوای “لێپێچینەوەی توند” لەو وڵات و دامەزراوانە دەكات كە ژینگە پیس دەكەن، بەڵام تا ئێستا ئەو بڕگەیە جێبەجێنەكراوە، كۆنگرەی كۆپ 26 لە سكۆتلاند دەیەوێت وڵاتان پابەندی جێبەجێكردنی بڕگەی شەشەم بكات.

بابەتی پێشتر

وێنە.. ژیان لە سەردەمی تاڵیباندا

بابەتی دواتر

پاریس ئامادەیە ئاڵوگۆڕێکی گەورە لەگەڵ بەرشلۆنە بکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
1
Share