یەكێتی و پارتی یەكەم هەنگاوی یەكڕیزییان نا

یەكێتی و پارتی یەكڕیزیی لایەنە كوردستانییەكان بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان بە گرنگ دەزانن بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق، وتەبێژی پارتی نایشارێتەوە زیاتر لە ڕەوتی سەدرەوە نزیكن وەك لایەنە عێراقییەكانی دیكە.

دوای كۆبوونەوەی هەردوو شاندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، ئەمین بابەشێخ وتەبێژی یەكێتی و مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان اشكراكرد.

وتەبێژی یەكێتی ڕایگەیاند، باسیان لە یەكڕیزیی كورد لە بەغداد و چەند پرسێكی دیكە كران، دووپاتیكردەوە، “پێویستە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان ڕێكبكەوین و دواتر لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان گفتوگۆ بكەین”.

ئەمین بابەشێخ هەوڵی تەواوی یەكێتیی دووپاتكردەوە بۆ یەكڕیزیی كورد لە بەغداد و لە هەرێمی كوردستان، لە بەرنامەی حزبەكەدا بووە سەردان و دەستپێشخەریی هەبێت و چاوەڕیی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان بووە، هەروەها پێشوازی لە دەستپێشخەریی لایەنەكانیش دەكات.

وتەبێژەكەی یەكێتی نەیشاردەوە، هەریەكە لە یەكێتی و پارتی شاندیان لە بەغداد هەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان و دانوستانی نافەرمی.

لای خۆیەوە مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دووپاتیكردەوە سەردانی چەند لایەنێكی دیكەی كوردستانی دەكەن.

لە وەڵامی پرسیارێكیشدا لەبارەی نزیكیی حزبەكەی لە ڕەوتی سەدر، وتەبێژەكەی پارتی ڕایگەیاند، پارتی كارنامەیەكی تایبەتی هەیە و پێشكەشی لایەنەكانی كردووە، ڕەوتی سەدر لە هەموو لایەنەكان زیاتر نزیكبووە لە كارنامەكەیانەوە، بۆیە “لەگەڵ كوتلەی سەدری نزیكین و لێكتێگەیشتنمان هەیە، بەڵام رێككەوتنمان نییە”.

پرسیاریش لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كرا، مەحمود محەمەد وتی، لەم كۆبوونەوەیەدا ئەو پرسە باسنەكراوە، دیارە پۆستی كوردە، بەڵام ئەوەی بۆ چ لایەنێك بێت، پێویستە لیژنەیەك پێكبهێنرێت و پرسی پۆستەكان یەكلابكاتەوە.

لای خۆیەوە ئەمین بابەشیخ دووپاتیكردەوە، لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا باسی هیچ پۆستێك نەكراوە، باسی نوێنەرایەتیی بەرژەوەندییە باڵا نەتەوەیی و نیشتمانییەكان كراوە، پۆستی سەرۆك كۆماریش بۆ كوردە و نەریتێكیش هەیە كە پۆستەكە بۆ یەكێتی بێت، پێشیان وانییە ئەو پرسە ببێتە بەربەست.

بابەتی پێشتر

یەپەگە: مەترسیی ڕێککەوتنێکی هاوشێوەی عەفرین هەیە

بابەتی دواتر

بەرهەم ساڵح داوا لە لایەنەكان دەكات ئاشتیی وڵات نەخەنە مەترسییەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەهای دۆلار دابەزی

ئێوارەی ئەمڕۆ لە كاتی داخستنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار دابەزی و 100 دۆلار بە…
Total
0
Share