پارێزگاری هەولێر بڕیاریدا بە دەستپێکردنی دابەشکردنی غاز لە گەڕەکەکانی هەولێر و هەر ئۆتۆمبێلێکی غازیش پۆلیسێکی لەگەڵدا دەبێت و قائیمقامییەت سەرپەرشتیی دەکات.
لە ڕاگەیەندراوێکدا قائیمقامییەتی قەزای ناوەندی هەولێر ڕایگەیاند، دابەشکردنی غاز لە هەولێر بە نرخی هەشت هەزار و 500 دینار دابەشدەکرێت و پۆلیسێکی شارەوانیش لەگەڵیاندا دەبێت تاوەکو قۆرخکاری لە نرخەکاندا نەبێت.
بڕیارەکە لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە دراوە و قائیمقامییەتی هەولێر سەرپەرشتی دەکات.
دوێنێ ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هیچ قەیرانێكی غاز نییە و ئێستا كۆمپانیای بەرهەمهێنەر سەرقاڵی نۆژەنكردنەوەی چەند شوێنێكە، بۆیە بەهیچ شێوەیەك غاز گران نابێت و وەك خۆی دەمێنێتەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی قائیمقامییەتی هەولێر، “ڕۆژانە هەولێر پێویستی بە 16 تانكەر غاز هەیە، داوامان كردووە بەرزبكرێتەوە بۆ 20 تانكەر و دوو هەفتەی داهاتووش كێشەی غاز چارەسەر دەبێت”.
بەوتەی قائیمقامییەت، چەند بریكارێكی غاز سزادراون، كە نرخیان بەرزكردبووەوە، هەموو ئەو بریكارانەی غاز بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشدەكەن، لەژێر سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی قائیمقامییەتدا دەبن.