هێرشی نوێی توركیا بۆسەر ڕۆژئاوای كوردستان لەسەر ئەنجامی گفتوگۆ دیپلۆماسییەكان وەستاوە

ڕۆژئاوای کوردستان و بەتایبەت ئەو شوێنانەی لەنێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و سوپای تورکیا و گروپە چەكدارە سورییەكاندا یەکلایی نەبووەتەوە لە دۆخێکی ئاڵۆزی ئەمنیدان، تورکیاش هەڕەشەی ئامادەکاری بۆ هێرشی دیکە دەکات.

دوو بەرپرسی باڵای حکومەتی تورکیا ئاشکرایانکرد، وڵاتەکەیان ئامادەکاری بۆ ئەگەری ئەنجامدانی هێرشێکی نوێ بۆسەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات، ئەگەر گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئەمریکا و ڕوسیا لەوبارەیەوە شکستبهێنێت.

یەکێک لەو بەرپرسانە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، “پێویستە ناوچەکانی باکووری سوریا پاکبکەینەوە، بەتایبەت ناوچەی تەل ڕەفعەت، کە هێرشەکان بە بەردەوامی لەو شوێنانەوە دەکرێتە سەرمان”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سوپای تورکیا و ئاژانسی هەواڵگریی وڵاتەکەی ئامادەکاریی تەواویان کردووە بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی نوێ.

بەوتەی دوو بەرپرسە توركییەكە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری وڵاتەکەیان تاوتوێی ئەو پرسە لەگەڵ هەریەکە لە ئەمریکا و ڕوسیا دەکات لە لوتکەی وڵاتانی G20 کە بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە لە ڕۆما بەڕێوەبچێت.

بەرپرسێکی دیکەی تورکیا ڕایگەیاندووە، دەبێت هەسەدە بە قوڵی 30 کیلۆمەتر لەو ناوچانە بکشێتەوە، ئەگەرنا تورکیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجامدەدات.

ئەمەش دوای ئەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ جۆ بایدن و ڤلادیمێر پوتین پرسەکە تاوتوێ دەکات، بەوتەی بەرپرسەکەی تورکیا.

وتیشی، “ئەگەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان هیچ ئەنجامێکیان نەبوو و پەیەدە لەو ناوچانە نەکشانەوە، بەدڵنیایی هێرشی سەربازی ئەنجامدەدەین”.

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو تورکیا ڕایگەیاند، هێرشێکی موشەکی لەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەدان کراوەتە سەر ناوچەی ئەعزازی سوریا، کە ئێستا لەژێر کۆنترۆڵی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریای سەربە تورکیادان.

پێشتر سوپای تورکیا سێ جار ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆسەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامداوە، یەکەمیان لەساڵی 2016 بەبیانووی شەڕی داعش، کەتێیدا ناوچەکانی ئەعزاز و جەرابلوسی گرتەوە، هەروەها ئۆپەراسیۆنی دووەم لەساڵی 2018 عەفرینی کردە ئامانج، کۆتا ئۆپەراسیۆنیش سوپای تورکیا و چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن لە کۆتایی 2019دا لەناوچەکانی گرێ سپی و سەرێکانی ئەنجامیاندا.

بابەتی پێشتر

بتكۆین بەرزبووەوە و لە بەرزترین ئاست نزیكدەبێتەوە

بابەتی دواتر

كێشەی ژێرئاوگەڕەكانی نێوان پاریس و واشنتن كۆتاییهات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share