کاندیدەکان بۆ پۆستی سەرۆکی بەرشلۆنە کێن؟ لاپۆرتا هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە ..

 

مشتومڕی مانەوە و ڕۆیشتنی جوسێپ ماریا بارتۆمیو لە پۆستی سەرۆکی یانەی بەرشلۆنە بە دەستلەکارکێشانەوەی کەسایەتییەکە کۆتاییهات، لە ئێستاشدا ئاماژە بەناوی ئەو کەسایەتییانە دەکرێت کە خۆیان بۆ پۆستەکە کاندیدکردووە.

بەپێی ماددەی (35.4) لە پەیڕەوی کارپێکراوی یانەی بەرشلۆنە، کارلۆس توسکێتس کە لە پێشوودا سەرۆکی لیژنەی دارایی و یاسایی یانەی بەرشلۆنە بووە بە شێوەیەکی کاتیی کارەکانی بارتۆمیو بەڕێدەکات، ماوەی هەڵبژرادنەکانیش لە ماوەی 40 بۆ 90 ڕۆژی داهاتوودا دەبێت بڕیاری یەکلاکەرەوەی لەسەربدرێت، واتا لەو وادەیەدا دەکرێت هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بکرێت و سەرۆکی نوێ هەڵببژێردرێت، ئەگەر ئەم کارەش نەکرێت لە کات و وادەی یاساییدا کە مانگی ئازاری 2021 پڕۆسەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات.

پاڵێوراوەکان کێن؟

ڕۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، تاوەکو ئێستا پێنج کەسایەتی بە فەرمی خۆیان وەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ناساندووە و پڕۆژەکانیان ئامادەکردووە.

کەسایەتییەکان پێکهاتوون لە، تۆنی فریشیا، ڤیکتۆر فۆنت، جۆردی فاری، ئاگوستی بینیدیتۆ، جۆردی ڕۆش.

خوان لاپۆرتای سەرۆکی مێژوویی یانە کەتەلۆنییەکە تاوەکو ئێستا بە فەرمی خۆی بۆ پۆستەکە کاندید نەکردووە، بەڵکو هیچ پڕۆژەیەکی ئامادەکراوی نییە و چەندجارێک ڕایگەیاندووە، بیر لە خۆ کاندیدکردن دەکاتەوە ئەگەر بتوانێت پڕۆژەیەکی بەهێز لەگەڵ کەسانی گونجاو ئامادەبکات، بەهەمان شێوە ئیمیلی ڕۆسۆی جێگیری پێشووی بارتۆمیو.

بیرکردنەوە و پڕۆژەی کاندیدەکان

فیکتۆر فۆنت بەهێزەوە تێکەڵ بەبابەتی سەرۆکایەتی بەرشلۆنە بووە، بەڵێنی بە هاندەرانی یانە کەتەلۆنیەکەداوە لە ئەگەری هەڵبژاردنیدا چاڤی هێرناندێز وەک ڕاهێنەر بگەڕینێتەوە و کارلیس پویۆڵ بکاتە بەڕێوبەری یانە و زۆرینەی یاریزانە دێرینەکان لە پێگەی کارگێڕی گرنگدا دابمەزرێنێت.

جۆردی ڕۆش، یەکێکی دیکەیە لە کاندیدە بەهێزەکان و بەپێی ئامارەکان توانای بەدەستهێنانی 24 هەزار دەنگی هەیە، کەسایەتیەکی لیبڕاڵییە، بە پێچەوانەی کاندیدەکانی دیکەوە کە سەرجەمیان جوداخواز و نەتەوەپەرستن، بۆیە ئەم کەسایەتیە بەڵێنی جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی جیهانی و گشترگیر دەدات.

ڕۆش بەڵێنی بە دەنگدەرانیداوە، ئەگەر پۆستەکە وەربگرێت ئایدۆلۆجیای سیاسی و وەرزشی  لە یەکدی جیادەکاتەوە، هەروەها 16 ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی خاوەن بڕوانامە و لێزان دەستنیشان دەکات بەو مەرجەی بەهیچ شێوەیەک پەیوەندییان بە سەرۆکەکانی ڕابردووەوە نەبووبێت.

پڕۆفایل

خوان لاپۆرتا (پارێزەر)

ڤیکتۆر فۆنت (بازرگان و دامەزرێنەر و بەڕێوبەری جێبەجێکاری گروپی کۆمپانیاکانی دێلتا)

جۆردی فاری مونێز (ئەندازیار و بزنسمان و لیدەری گروپی سۆم جێنت نۆرماڵ)

تۆنی فریشیا (پارێزەر و ئەندامی بۆردی کارگێڕی پێشووی بەرشلۆنە لەسەردەمی لاپۆرتا و ڕۆسێل و بارتۆمیو)

لویس فێرناندێز (بازرگانی خۆماڵی)

ئاگوستی بینیدیتۆ (بازرگان و شارەزای بواری کارگێڕی وەرزشی)

جۆردی ڕۆش (سەرۆکی پێشووی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کەتەلۆنیا)

بابەتی پێشتر

مانچستەر یونایتد لە کڕینی داواکراوێکی ڕیاڵ و بارسا نزیکبووەتەوە

بابەتی دواتر

ئامادەکاریەکانی یانەی یوڤانتۆس بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی بەرشلۆنە لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share