كۆمسیۆن: ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ئەگەری گۆڕانیان هەیە

هەشت هەزار و 547 وێستگە هەن كە ئەنجامەكانیان نەنێردراوە

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان ڕایدەگەیەنێت، ئەگەری گۆڕانی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن هەیە و دوپاتیشیدەكاتەوە، ناچار بەهیچ فشارێك نابن.

حەسەن سەلمان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند، ئەنجامی بەرایی ڕاگەیەنرا بەهۆی بوونی بڕیارێك كە ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی لەماوەی 24 كاتژمێری پاش ڕۆژی دەنگدان سەپاندووە.

لە لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا سەلمان وتیشی، “ئەنجامەكان ئەگەری گۆڕانیان هەیە و پێویستە چاوەڕوانی ئەنجامی كۆتایی بكرێت پاش یەكلابوونەوەی تانەكان”.

دەربارەی ئەو گۆڕانكارییانەش كە شەوی ڕابردوو بەسەر ئەنجامەكاندا هات وتی، بەهۆی زیادكردنی دەنگی ژمارەیەك لە وێستگەكانەوە بووە و ئەوەشی بە “كارێكی سروشتی، ناوبرد.

بەرپرسەكەی ڕاگەیاندنی كۆمسیۆن دوپاتیكردەوە، “كۆمسیۆن ناچێتە ژێرباری هیچ جۆرە فشارێك و پرۆسەی هەڵبژاردن هیچ گرفتێكی نەبووە و بەهۆیەوە تائێستا سكاڵای سوور تایبەت بە پرۆسەی دەنگدان تۆمارنەكراوە”.

ڕونیشیكردەوە، هەشت هەزار و 547 وێستگە هەن كە ئەنجامەكانیان نەنێردراوە و دواتر دەخرێنە سەر كۆی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن.

شەوی ڕابردوو كۆمسیۆن دەستیكرد بە جیاكردنەوەی دەستی بەشێك لە سندوقەكانی دەنگدان و بەپێی ئەو ئامارانەی بڵاوكرانەوە، ڕێژەی كورسیی لایەنەكان گۆڕانكاریی بەسەرداهات.

بەپێی ئەو داتایانەی لە كۆمسیۆنەوە بە تۆڕی میدیایی ئێستا دراوە، ژمارەی كورسییەكانی هاوپەیمانیی فەتح-ی هادی عامری بۆ 21 كورسی بەرزبووەوە، دەوڵەتی یاساش ژمارەی كورسییەكانی گەیشتە 41 كورسی.

بەڵام، ژمارەی كورسییەكانی ڕەوتی سەدر بۆ 70 كورسی دابەزی.

هەرچی ژمارەی كورسی هاوپەیمانێتییەكەی حەكیم و عەبادی-یە، كورسیەك زیادیكرد و بوو بە پێنج كورسی.

لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا جومانە غلای، وتەبێژی کۆمسیۆن ڕایگەیاند، ئەگەر هەیە ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن گۆڕانکاریی بەسەردابێت و دوای 20 ڕۆژی دیکە ئەنجامی کۆتایی ڕابگەیەندرێت.

ڕوونیشیكردەوە، لە دوێنێ سێشەممەوە دەرگای پێشکەشکردنی تانە لە ئەنجامەکان کراوەتەوە.

بابەتی پێشتر

هەمیشە پێدەکەنێت.. چ شتێک وا لە کانتی دەکات توڕەبێت؟

بابەتی دواتر

لیرەی توركی دابەزینێكی دیكەی پێوانەیی تۆماركرد

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دیالە.. “10 مۆڵگەی داعش لەناوبران”

لە سنووری پارێزگای دیالە، سوپای عێراق 10 مۆڵگەی داعشی لەناوبرد، هەشتیان لەڕێگەی فڕۆكەكانەوە بوون. بەڕێوبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازی سەربە…
زیاتر ببینە

دۆلار بەرزبووەوە

جارێكی دیكە بەهای دۆلار بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی و 100 دۆلار بە سەروو 155 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەكرێت. لە…
Total
0
Share