لە سلێمانی سەنتەر بۆ دەستنیشانكردنی پێشوەختەی شێرپەنجە دەكرێتەوە

تەندروستیی سلێمانی باس لە کردنەوەی چەند سەنتەرێکی دەستنیشانکردنی پێشوەختەی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە دەکات، سەنتەرەکان سەر بە کەرتی گشتی دەبن و نادرێنە کەرتی تایبەت.

دکتۆر هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “لە پلانی بەڕێوەبەرایەتیی گستیی تەندروستیی سلێمانیدایە سەنتەری دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە بکاتەوە، تاوەکو بتوانرێت لەماوەیەکی نزیک و سەرەتای نەخۆشییەکەدا دەستنیشانبکرێت”.

ئێستا لە شاری سلێمانی سەنتەری دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانی مەمک “مەمۆگرافی” هەیە، لەوێ ژنان دەتوانن پشکنینیان بۆ بکرێت تاوەکو زانیاری لەبارەی مەترسیی تووشبوونیان بە شێرپەنجەی مەمک پێبدرێت، بەپێی وتەی دکتۆر هێرش، “ئەوەی لەپلانی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی هەیە فراوانکردنی ئەو سەنتەرە و کردنەوەی سەنتەری دیکەیە بۆ دەستنیشانکردنی پێشوەختەی سەرجەم جۆرەکانی دیکەی شێرپەنجە کە باون”.

سەبارەت بەوەی تێچووی کردنەوەی ناوەندی لەوجۆرە چەند دەبێت و ئایا ئەنجومەنی وەزیران بودجەی بۆ دابیندەکات؟ جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ڕایگەیاند، “ئێمە هەر پلان و پڕۆژەیەکمان هەبێت تێچووەکەی لەبەرچاودەگرین، بەڵام ئەگەر بۆ ئەم پڕۆژەیە حکومەتیش تێچووەکەی دابیننەکات، هەوڵدەدەین لەڕێگەی خێرخوازانەوە جێبەجێی بکەین”.

کردنەوەی ئەو سەنتەرانە لەچوارچێوەی کەرتی گشتیدا دەبێت و نادرێت بە کەرتی تایبەت، ئەو بڕە پارەیەشی لە سەردانیکەر وەردەگیرێت بڕێكی کەم و ڕەمزی دەبێت، بۆئەوەی خەڵک بتوانێت شەش مانگ جارێک، یان لانیکەم ساڵانە پشکنین بۆ ئەگەرەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە بکات، وەك ئەوەی هێرش سەید سەلیم ڕایگەیاند.

پێشتر و لە هەفتەی ڕابردوودا دکتۆر سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ڕایگەیاند، ئێستا ژمارەی تووشبوون بە شێرپەنجە بەرزە، ئەو خزمەتگوزارییانەشی لە نەخۆشخانەی هیوا-ی تایبەت بە شێرپەنجە پێشکەشدەکرێت تەنها لە چوارچێوەی چارەسەردایە و “هەوڵدەدەین چەند سەنتەرێک بۆ دەستنیشانکردنی پێشوەختەی نەخۆشییەکە لە سلێمانی بکەینەوە”.

بابەتی پێشتر

ئامانجێکی "نیمچە مەحاڵ".. گروپێکی نوێ ڕەوانەی چین دەکرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە بنەڕەتی کۆرۆنا<br>تەندروستیی جیهانی هەوڵێكی نوێ دەدات بۆ زانینی بنەڕەتی كۆرۆنا

بابەتی دواتر

بودجەی 2022ی عێراق كەمترنابێت لە 80 ملیار دۆلار

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share