توێژینەوەیەکى نوێ کە تۆمار و زانیارییەکانى چوار کیشوەرى گرتەوە دەریدەخات کە ئەو ژنانەى جۆرى خوێنەکەیان Aیە زیاتر بە رێژەى 18% ئەگەرى تووشبوونیان بە شێرپەنجە مەمک هەیە بەراورد بەوانەى جۆرى خوێنەکەیان Oیە.
توێژینەوەکە، کە بە بەرفراوانترینى لەو جۆرە دادەنرێت، ئەنجامى توێژینەوەکانى لە ئاسیا و ئەوروپا و ئەفریقا و هەردوو ئەمریکا شیکردووەتەوە و، سەرنجیدا لەسەر بوونێکى روونى رێژەى تووشبوون لەنێو هەڵگرانى جۆرى خوێنى A، لەکاتێکدا هەردوو جۆرى B و AB (لە هەردوو جۆرى زائید و ناقس) هیچ پەیوەندییەکى روونیان بە نەخۆشییەکەوە تیادا دەرنەکەوت.
زانایان لێکدانەوەیەکى مایەى سەرنجیان خستەڕوو کە پشتدەبەستێت بە کارلێکى ئەو بەشەى لەسەر رووى خڕۆکە سوورەکانە لەگەڵ شانەکانى مەمک، ئەو بەشەى خڕۆکەکان رەنگە کاریگەرییان هەبێت لەسەر هەڵسوکەوتى خانەکان یان وەڵامدانەوەى سیستمى بەرگریی لەش، ئەمەش ژینگەیەکى لەبارتر بۆ گەشەى گرێ شێرپەنجەییەکان فەراهەم دەکات.
ئەم ئەنجامە لێکەوتەى گرنگى دەبێت لەسەر بەرنامەى ئاشکراکردنى پێشوەختە، توێژەران پێشنیارى دیاریکردنى جۆرى خوێن دەکەن وەک یەکێک لە هۆکارەکان کە پێویستە چاوى پێدابخشێندرێت لەکاتى هەڵسەنگاندنى مەترسییەکان لەسەر ئاستى تاک، بەڵام شارەزایان هۆشداریدەدەن لە زیادەڕەویکردن لە کاردانەوەدا، چوونکە بوونى خوێنى جۆری A ماناى حەتمى بوونى تووشبوون نادات، هەروەک نەبوونى ئەو جۆرە خوێنەش واتاى پارێزراوى نییە، چونکە هۆکارە بۆماوەییەکان و شێوازى ژیان وەک سیستمى خۆراک و ئەنجامدانى وەرزش لە هۆکارە زۆر کاریگەرەکانن.