“چیرۆكەكانی تاریكی” ناوی ئەو كورتە فیلمەیە كە پرسی ئازادیی ڕۆژنامەوانی و ڕێگرییەكانی بەردەم ژنانی میدیاکار و ئەو توندوتیژییانەی ڕووبەڕوویان دەبنەوە، تاوتوێدەكات.
كورتە فیلمەكە لەلایەن ستافێكی كوردەوە لە سلێمانی بەرهەمدەهێنرێت. هەوراز محەمەد پرۆدیوسەر و یەكێك لە دوو سیناریستەكەی كورتە فیلمەكە بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا دوا و باسی وردەكاریی بەرهەمەكەی كرد و ڕایگەیاند، لەگەڵ مەنسوور تەیفوری بە هاوبەشیی سیناریۆی كورتە فیلمەكەیان نووسیوە و خەیبەر ڕەفیق كاری دەرهێنانی كردووە.
لەبارەی نواندن و ئەو ئەكتەرانەی بەشداریی كورتە فیلمەكەیان كردووە، هەوراز محەمەد وتی، “چریکە عەبەڕەش، ڕووبار خالید، خەسرەو حەمەکەریم، جەبار محەمەد و کۆچەر ڕەئووف” ڕۆڵگێڕە سەرەکییەكانی كورتە فیلمەكەن.
ڕێكخراوی ئینتەرنیوزی ئەمریكی سپۆنسەریی بەرهەمهێنانی كورتە فیلمەكەی كردووە و سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان، هاوكاری ستافی بەرهەمهێنەر بووە.
“چیرۆكەكانی تاریكی” ماوەكەی 11 خولەكە و دیمەنەكانی لە شاری سلێمانی وێنەگیراون، بڕیارە مانگی داهاتوو لە ڕێوڕەسمێكی فێستیڤاڵئامێزدا لە سلێمانی نمایشبكرێت.