وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان ڕایدەگەیەنێت، 32 كارمەندی هێزە ئەمنییەكان كە بۆ پاراستنی خۆپیشاندەرانی بەغداد ڕاسپێردرابوون بە بۆمبی دەستی برینداربوون.
وتیشی، “خۆپیشاندانەكە چالاكی جۆراوجۆی تیا ئەنجامدرا، و هێزە ئەمنییەكانیش ئەركی خۆیان لە پاراستنیان گرتەبەر، بەڵام كۆمەڵێكی حسابكراو لەسەر خۆپیشاندەران بۆمبی دەستییان بۆ هێزە ئەمنییەكان هەڵداوە و بەهۆیەوە دوو ئەفسەر و 30 كارمەندی فەوجی دووی فریاكەوتن برینداربوون”.
بەپێی وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان ئەو كۆمەڵەیە بەردەوامن لە هەڵدانی بۆمبی مۆلۆتۆڤ لە هەردوو پردی كۆماری و سنك لە بەغداد.
دوپاتیشیكردەوە، هێزە ئەمنییەكان پابەندبوون بە ڕێنماییەكان و خۆكۆنتڕۆڵكردن سەرەڕای ئەو دەستدرێژییانەی كرایەسەریان، بەردەوامیش دەبن لە ئەنجامدانی ئەركە پیشەییەكەیان بۆ پاراستنی ئاسایش و پارێزگاری لە دامەزراوە گشتی و تایبەتەكان.
بەبۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر دەستپێكی خۆپیشاندانەكانی بەغداد و شارەكانی دیكە، ئەمڕۆ خۆپیشاندانی فراوان لەو شارە ئەنجامدرا.